رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان کارکردنى بە سیستمى غازى شل لە سەرجەم دامەزراوەکانى راگرت. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، هەر کەس پابەندی بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-11-2022، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە سێ خاڵ داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان کردووە. یەکەم، دەستبەجێ دامەزراوەکان کارکردن بە سیستمى غازى شل رابگرن. دووەم، بەزووترین کات و زۆر بەوردى بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سیستمانە بکرێت کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەش پێویستە لە ماوەى سێ رۆژدا راپۆرتێکى تێروتەسەل لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى سەلامەتى زانکۆ، پەیمانگەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانى ئامادە بکەن.
گوتەبێژی خوێندنی باڵا گوتیشی، داوایان کردووە سەرجەم ئەو سیستمانەی لە زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت بەکاردەهێنرێن، رێگەپێدانى بەرگریى شارستانییان هەبێت و لە لایەن کۆمپانیاکان مۆڵەتى دانانى هەبێت.
بە گوتەی گوتەبێژی خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەی وەزارەت لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و پاراستنى سەلامەتیی گیانی مامۆستایان، فەرمانبەران، خوێندکارانە لە سەرجەم زانکۆ، پەیمانگە، بەشە نێوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکە و هەرکەسێک کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون.
شەوی دووشەممەی رابردووش تانکییەکی غاز لە سەربانی باڵەخانەیەکی بەشە ناوخۆییەکدا لە دهۆک تەقییەوە و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 33 کەس برینداربوون.
لەدوای رووداوەکەی دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانیکرد کارکردن بە سیستمی گاز رابگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ