ژمارەیەک فراکسیۆن واژۆ بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران کۆدەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 
 
فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی تووندوتیژی بەرامبەر خوێندکاران لەکاتی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی دەکەن و داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن چارەسەری کێشەکانیان بکات. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش رایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن،" و بەدواداچوونی وردیش بکرێت.
 
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەکارهێنانی تووندوتیژی لە هەرلایەکەوە بووبێت، سەرکۆنەی دەکەن "هۆکارەکانی ئەو گرژییانە هەرچی و هەرچۆنێک بن، نابێت بگاتە ئاستی ئەوەی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت."
 
بە گوتەی زانا مەلا خالید، لە ماوەی رابردوو لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی ئەرکەکانیان "بەدواداچوونی وردیان" کردووە بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران. هاوکات وەکو فراکسیۆنی پارتی یاداشتێکیان بە واژۆی 50 پەرلەمانتارەوە پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی دانیشتنێکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و دارایی بکرێت تاوەکو گفتوگۆ لەسەر گرفتی دەرماڵە بکەن. 
 
ئەو گوتیشی، "بەداخەوە" دوای ئەوەی گرژی لە خۆپێشاندانەکان دروستبوون، دەبێت هەڵوەستەیان لەسەر بکەن و لیژنەکانی مافی مرۆڤ و خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان "بەدواداچوونی ورد و لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی دروستبوونی گرژییەکان" بکەن. ئەوەش دوور لە ئەجێندای سیاسی. 

 

 
 
لەلایەکی دیکەوە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرماڵەی خوێندکاران لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین یاداش بە واژۆی پەرلەمانتارانەوە پێشکێش کراوە. گوتیشی "پشتیوانی ماف و داخوازییەکانی خوێندکاران دەکەین، بەتایبەتی کە باس لەوە دەکرێت لە کوردستان داهات باش بووە و قەیرانی داراییمان تێپەڕاندووە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی گرژییەکانی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رایگەیاند، "سەرکۆنەی تووندوتیژی بەرامبەر خوێندکاران دەکەین." هاوکات گوتی، "پێویستە ئەو یاداشتانەی کە لە پەرلەمانەوە پێشکێشکراون، حکومەت کاریان پێبکات."
 
ئەمڕۆ بۆ رۆژی سێیەم لە سنووری پارێزگای سلێمانی و یەکەم رۆژ لە هەولێر خوێندکاران بە درووشمی جیاواز خۆپێشاندانیان کرد و داوای دەرماڵەیان کرد. دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان تاوەکو ساڵی 2014 دابەشدەکرا کە بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە دەوامییان تێدا دەکرد، ئەگەر بەشەناخۆییان وەرنەگرتبووایە 100 هەزار دینار، ئەگەریش بەشەناوخۆییان وەرگرتبووایە 60 هەزار دینار بوو، هەروەها بۆ خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوامییان دەکرد 40 هەزار دینار بوو.
 
 
هەر بەهۆی خۆپێشاندانەوە، ژمارەیەک لە رێگە سەرەکییەکانی چوون و دەرچوون لە سلێمانی داخراون. 
 
ئاشنا عەبدوڵڵا، نوێنەری فراکسیۆنی گۆڕانیش گوتی، "بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەو کارە نەشیاوە دەکەین کە بەرامبەر خوێندکاران کرا. نابێت لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا حەرەمی زانکۆ بشکێندرێت." ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، دەرماڵەی خوێندکاران بە "بڕیارێکی نایاسایی" بڕدراوە. باسی لەوەشکرد کە داواکارییەکی بە واژۆی 48 پەرلەمانتارانەوە پێشكێشکردووە. 
 
کێشەی بەشەناوخۆییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری بەشێکن لە داواکارییەکانی خوێندکاران. ئاشنا عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد بابەتی کێشەی بەشەناوخۆییەکان هی ئەمساڵ نین و چەندین ساڵ پێش ئێستان. باسی پەیمانگەی تەکنیکیی پێنجوێنی کرد کە سێ ساڵە کێشەی بەشەناوخۆییەکانی هەیە و چارەسەرنەکراوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد، خوێندکاران داهاتووی ئەم وڵاتەن و "تەنیا داوای مافێکی سەرەتایی خۆیان کردووە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن." لەبارەی گرژییەکانیش گوتی، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە. 
 
 
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەوە کرد، لە 10-4-2019 لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەیان ئەو داوایەیان کردووە و پرۆژەیەکیان پێشکێشکردووە. خۆیشیانی وەکو "خاوەنی ئەو پرۆژەیە" ناوبرد. 
 
پەرلەمانتار کاوە عەبدولقادر لە فراکسیۆنی نەوەی نوێش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر خوێندکارانی کرد و گوتی، "پشتیوانیانین."