توویتێک لە مایک پێنسەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی

رووداو - هەولێر

دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس لە توویتەر پەیامیان بۆ یەکدی نارد. جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، شەرەفێکی گەورەبوو لە هەولێر چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت، بەناوی سەرۆک ترەمپەوە هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و گەلی کورد کە لە ئەنجامی جەنگ دروستببوو لە ناوچەکە دووپاتکردەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیریی ئەمریکای کرد. 


ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 23-11-2019 مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، دوای سەردانی بۆ بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەنبار، سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان کرد.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاند، ''شەرەفێکی گەورەبوو لە هەولێر چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت، بەناوی سەرۆک ترەمپەوە هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و گەلی کوردم کە لە ئەنجامی جەنگ دروستببوو لە ناوچەکە دووپاتکردەوە''.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتەر بۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەنووسێت "شەرەفمەندم لە پێشوازیی لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و هاوڕێم بۆ هەولێر، ئەم سەردانە لەم کاتە گونجاوەدا دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژیی نێوانمانی دووپاتکردەوە، منیش جارێکی دیکە جەختم لە ستایشی هاوکاریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکان کردەوە".

لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بە پەیوەندییەکی لە مێژینە ناوبرد و گوتی "زۆر سوپاستان دەکەم کە کاتتان رەخساند تاوەکو باسی ئەو پەیوەندییە درێژخایەنەی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بکەین. بە تایبەتی سوپاسگوزارم کە توانیم ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزتان بم". 

هاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و دڵنیایی پێدا لە پشتیوانیکردنی ئەو و هەرێمی کوردستان و گوتی "بەڕێز سەرۆک دەمەوێت سوپاسگوزای خۆمتان بۆ دەرببڕم و پاڵپشتی لە سەرکردایەتی بەڕێزتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم. هەروەها لەگەڵ ئێوەدا کاربکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە داعش و هەر گرووپێکی تیرۆریستی دیکە، چیدیکە توانایان نەبێت جێ پێ خۆیان بکەنەوە و نەشتوانن یەک ئینج لەم ناوچەیە بەدەستبهێننەوە". 

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە 23-11-2019  بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و چاوی بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوت. بەڵام لەگەڵ هیچ کام لە سەرکردەکانی عێراق کۆنەبووەوە.  

مایک پێنس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنییەکە ئاماژە بەوە درابوو کە "ئەمڕۆ شەممە کاژێر 12ی نیوەڕۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەبوو و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆی هەماهەنگی هاوبەش و پێشهاتەکانی عێراق و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ بەدەنگەوە هاتنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیان تاوتوێکرد".

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق 25 خولەکی خایاندبوو.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئیدانەی سەردانەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر.