مایک پێنس بۆ نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی سەرکردایەتیکردنتین لە هەرێمی کوردستان
رووداو - هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و رایگەیاند، "پشتیوانی سەرکردایەتیکردنتین لە هەرێمی کوردستانی عێراق".
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، سڵاوی دۆناڵد ترەمپ ـی پێگەیاند و گوتی" سەرۆک بارزانی زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە ئێمە کراوە. شانازییەکی گەورەیە بۆ من، کە لێرە بم لە یەکەمین سەردانم بۆ عێراق وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا و هەروەها ئەم سەردانەم بۆ هەرێمی کوردستان. رێگەم بدەن، سڵاو و رێزی تایبەتی جەنابی سەرۆک ترەمپ بەئێوە بگەیێنم".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بە پەیوەندییەکی لە مێژینەیە ناودەبات و دەڵێت، "زۆر سوپاستان دەکەم کە کاتتان رەخساند تاوەکو باسی ئەو پەیوەندییە درێژخایەنەی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بکەین. بە تایبەتی سوپاسگوزارم کە توانیم ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزتان بم".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی تێکشکاندی داعشی کرد و ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند "کاردانەوەکان ئەوە نیشاندەدەن سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە لە پەیوەندییە هاوبەشەکانمان و تێکشکاندی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی داعش لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی ئازایەتی هێزەکانمان و ئازایەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانە کوردەکانمان لە سووریا".
هاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و دڵنیایی پێدا لە پشتیوانیکردنی ئە و هەرێمی کوردستان "بەڕێز سەرۆک دەمەوێت سوپاسگوزای خۆمتان بۆ دەرببڕم و پاڵپشتی لە سەرکردایەتی بەڕێزتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم. هەروەها لەگەڵ ئێوەدا کار بکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە داعش و هەر گرووپێکی تیرۆریستی دیکە، چیدیکە توانایان نەبێت جێ پێ خۆیان بکەنەوە و نەشتوانن یەک ئینج لەم ناوچەیە بەدەستبهێننەوە".
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیری ئەمریکای کرد و بە جێگری سەرۆکی ئەمریکای گوت "رێز و سڵاوی ئێمەش بگەیێنن بە جەنابی سەرۆک ترەمپ، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە، رۆژ بە رۆژ بتوانین لە هەموو رووێکەوە پەرەی پێبدەین. زۆر بەخێربێن جارێکی دیکە".