مەندەلاوی پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و خەڵکی کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و خوازیارە هەڵبژاردنەکە ببێتەهۆی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت لە پەیامەکەدا ستایشی هەوڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لە فەرهەمکردنی "کەشێکی پاك، بێگەرد و ئارام بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کەرنەڤەڵەی هەڵبژاردن".
 
مەندەلاوی باس لەوە دەکات، "هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر بەڕێوەچوو، ئەوەش بەرهەمی باوەڕبوونی عێراقییەکان و گەلی کوردستانە بە دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات".
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت، هەڵبژاردنەکە "بە هەنگاوێک دەزانێت لە گوزارشتی ویستی دەنگدەر و خواستەکانی لە فەراهەمکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشە و پەرەپێدان. هەروەک بەرهەمی قوربانی خەڵکە لە تەواوی ناوچەکانی عێراق و وەستانیانە بەڕووی سیستمی دیکتاتۆری کە ماوەیەکی درێژبوو دەستی گرتبوو بەسەر مافی عێراقییەکان". 
 
مەندەلاوی خوازیارە ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە پەلەکردن لە "بەجێگەیاندنی خواستی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکاربێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانی ناوەند و هەرێمی کوردستان؛ خۆشگوزەرانی، سەقامگیری و پێشکەوتن بەدی بهێنێت".