پارتی لە نەینەوا داوای چوار پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا داوای چوار پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەکات و ئەندامێکی ئەو حیزبەش لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، پۆستی جێگری بەڕێوەبەرەکانیش گرنگە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2024 ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستی بەڕێوەبەرەکان لە پارێزگای نەینەوا هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی داوای پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندرووستی، کشتوکاڵ، شارەوانییەکان و ئاو و ئاوەڕۆکان دەکات".
پارتی پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوای وەرگرتووە و سیروان رۆژبەیانی بە جێگری پارێزگار هەڵبژێردراوەتەوە.
نوێنەرەکەی پارتی لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "پۆستی جێگری بەڕێوەبەرەکانیش گرنگە. دیارترین ئەو پۆستانەی داوایان دەکەین بریتین لە جێگری بەڕێوەبەری تەندرووستی، جێگری بەڕێوەبەری وەبەرهێنان و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.