پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

رووداو  دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
دووشەممە 23-10-2023 دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان وەکو دوو هاوبەشی سەرەکیی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی "بڕیارە سبەی لە هەولێر کۆببینەوە و کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵا دەبێت، بەوپێیەی پێشتر چەند جارێک شاندی پارتی سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە لە سلێمانی، پێمان خۆشبوو کۆبوونەوەی ئەمجارە لە هەولێر بکرێت."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، دلێر عەبدولخالق ئاماژەی بەوەکرد، "پەیوەندی بەو مژارە سیاسی، ئیداری و ئابوورییانەوە هەیە کە رۆژەڤن و پرسی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدان، هەروەها ئامادەکارییەکانی کورد بۆ پێشهات و پاشهاتە سیاسییەکان کە لە عێراق و ناوچەکە بەڕێوەن، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دوو پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بریتین لە:
 
- جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
- یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری چاکسازی (هێشتا پڕی نەکردووەتەوە)
- وەزارەتی دارایی و ئابووری
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی