پۆلیسی ئێران: کۆڵبەری نایاساییە و پاسەوانی سنوور رووبەڕووی دەبێتەوە

 
هەولێر دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران سەردانی سنووری شاری پاوەی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، باسی لە کۆڵبەری کرد و رایگەیاند، "کۆڵبەری کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران رووبەڕووی دەبنەوە."
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 گوتی، "کۆڵبەری هیچ مانایەکی نییە. ئێمە جەختمان لەسەر بازاڕچە سنوورییەکانە بۆ ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و پێداویستی. حکومەت و پەرلەمانیش بە شێوەیەکی یاسایی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن."
 
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران گوتیشی، "کارتێکی تایبەت دەدرێتە ئەو کەسانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین بۆئەوەی بتوانن لە کاتێکی دیاریکراودا هاتووچۆ بکەن و ئەو کەلوپەلانە بگوازنەوە کە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەو کەسانە ناتوانن لە هەر شوێنێکی سنوور و لە هەر کاتێک کە ویستیان هاتووچۆ بکەن، چونکە بەمە دەگوترێت سنووربەزاندن و یاسا ئەمە رەتدەکاتەوە."
 
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هاوکاریی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، ئێستا کۆڵبەری کەمی کردووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچە ماوە و دەڵێت، "لە هەندێک ناوچەی سنووری هێشتا هاتووچۆی نایاسایی هەیە؛ گرنگ نییە لە شەودا بێت یان لە رۆژدا؛ لە گردێک بێت یان لە دۆڵێک؛ هەر جووڵەیەک بێ مۆڵەت و پاسپۆرت بێت رێگەپێدراو نییە."
 
بە گوتەی قاسم رەزایی، "لە ئەگەری هەر هاتۆچوویەکی نایاساییدا لە سنوورەکان، هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەڕووی دەبێتەوە."
 
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران دەڵێت، بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان، هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقدا هەیە و ‌هێزەکانی پاسەوانی سنووری هەردوو وڵات بەردەوام کۆبوونەوەی هاوبەش دەکەن.
 
سەبارەت بە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانیش، قاسم رەزایی گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان و بەتایبەت لە ناوچەی هەورامان، تەنیا هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەرکی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی لە ئەستۆ گرتبوو، بەڵام دوای ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ ‌هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کرا و دوای ئەو پرۆتۆکۆڵانەی لەگەڵیان واژۆ کرا، دەبینین پاسەوانی سنووریی عێراقیش لە ناوچەکەیە و ژێرخانێکی گونجاوی وەکو خاڵەکانی پشکنینی دروستکردووە."
 
لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی 18-10-2023 لە ناوچەی دەوەران لە سنووری شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی تەمەن 34 ساڵ بەناوی فەرید وەتەنی رەسووڵ، خەڵکی گوندی نەشکاش سەر بە شاری مەریوان گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.