زانیاری لەبارەی شەڕەکەی مەخموور؛ دوو پێشمەرگە شەهید بوون و لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پێکهێندرا

23-10-2023
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
سۆران حوسێن و هەستیار قادر 

ئێوارەی دوێنێ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور شەڕ روویدا. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "شەهید و بریندار لە هەردوولا" هەیە. فەرماندەی هێزە "خۆبەخش"ـەکەی قەرەچووخیش دەڵێت، "دوو پێشمـەرگە و دوو سەربازی سوپای عێراق لە شەڕەکەدا شەهید بوون و ئێستا دۆخەکە ئارامە."
 
لەبارەی شەڕەکەی دوێنێی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە لە سنووری مەخموور، ئەمڕۆ (دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2023)، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە."
 
سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەی شەهید و بریندارەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رایگەیاندووە، "ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت."
 
لەبارەی دوایین ئاماری قوربانییەکانی شەڕەکەوە، غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ لە مەخموور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ پێشمەرگەیەک شەهید بوو، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە عەقید عەبدولقەهار جەوهەر لە هێزەکانی پێشمەرگە شەهید بوو؛ هەروەها چەند پێشمەرگەیەکیش بریندارن. لە سوپای عێراقیش دوو سەرباز شەهید بوون و شەشی دیکەش بریندار بوون."
 
سوودانى لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت
 
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى قەزاى مەخموور. گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حەوت کەسیش لە هەردوولا برینداربوون. (یەکێک لەوان عەقید عەبدولقەهار جەوهەر دواتر شەهید بوو). 
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق بەدواداچوونى بۆ ئەو رووداوە کرد کە لە مەخموور روویدا و دەشڵێت، لە ئەنجامی رووداوەکە حەوت کەس لە هەردوولا بریندار بوون.
 
لیوا یەحیا رەسوول ئاماژەى بەوەداوە، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی داوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى ئاست باڵاى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
 
بەگوێرەى ئەو راگەیێندراوە، محەممەد شیاع سوودانى داواى لە سەرجەم سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى عێراق و پێشمەرگە کردووە هۆشیارانە مامەڵە بکەن.
 
لەبارەی لیژنەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، پشتیوانی بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی "خێرا و شەفاف" لە رووداوەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە دەکەن بە ئامانجی دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

فەهمی بورهان: لە دەوروبەری خانەقین، کوڵەجۆ و نەینەوا بەعەرەبکردن بەردەوامە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" دەبینن.