سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی رەوتی غەدی سووریا کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی رەوتی غەدی سووریا کرد و جەختیان لە چارەسەری کێشەکانی سووریا بە گفتوگۆ و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە.
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەحمەد جەربا سەرۆکی رەوتی غەدی سووریا کرد و لە کۆبوونەوەیاندا تاوتوێی دوایین گۆڕانکاریى و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکەیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا و پێویستیی تەبایی و ئاشتی نێوان گەلان و بەتایبەتی کورد و هۆزە عەرەبەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی و ئەحمەد جەربا جەختیان لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا به رێگەی گفتوگۆ کردووەتەوە.