بەهای 100 دۆلار 160 هەزار و 500 دیناری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستندا بە 160 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23.10.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 160 هەزار و 300 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای دینار حاجی سابیر، دەڵێت، گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل، کاریگەریی نەرێنیی هەبووە و ترسی فراوانبوونی شەڕەکە، خواستی لەسەر دۆلار زیادکردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر باس لەوەشدەکات، شەڕ و گرژییەکانی دوێنێی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش کاریگەریی هەبووە و لەو حاڵەتانەدا "خەڵک دۆلاری خۆش دەوێت" و بە هەر نرخێک بێت، دەیکڕێت.
بە گوتەی حاجی سابیر، ئەگەری دابەزینی زیاتری بەهای دینار هەیە.
دابەزینی بەهای دینار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 200 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە 38 ملیۆن و 750 هەزار دۆلاری بە کاش، 161 ملیۆن و 763 هەزار و 658 دۆلاریشی بە شێوەی حەواڵە بوو.
لە کاتێکدا لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام فرۆشتنەکەی سنووردارە و زۆرینەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
رۆژی سێشەممە 17-10- 2023، عەلی عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دزەپێکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنترۆڵنەکردنى تەواوەتى دەروازەکان، هۆکارى ناجێگیرى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار.