بەڕێوەبەری نەوت و کانزای هەولێر: 10 ملیۆن لیتر نەوتمان دابەشکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نەوت و کانزای هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە و سبەی لەقەزای کۆیە نەوت دابەشدەکەن. دەشڵێت، رۆژانە نزیکەی 800 هەزار لیتر بەنزینی 750 دینار بۆ پارێزگای هەولێر دێت.
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمەوە لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دەستیان کردووە بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە و پرۆسەی دابەشکردنی نەوت ئەم ساڵ زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت.
 
ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوەکرد، لەهەنگاوی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستی پێکردووە لە قەزای پیرمام تاوەکو قەزای چۆمان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی پێکرد و ئێستا دابەشکردنی نەوت لە شەقڵاوە، چۆمان، سیدەکان و بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە.
 
گوتیشی، "سبەی لەقەزای کۆیە نەوتی سپی دابەشدەکرێت و هەوڵدەدەین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە دەورووبەری هەولێر دەست بکەین بە دابەشکردنی نەوتی سپی."
 
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی تائێستا دابەشکراوە لەسنووری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، تائێستا بڕی 10 ملیۆن لیتر بەسەر 50 هەزار خێزاندا دابەشکراوە کە هەر خێزانی 200 لیتر نەوتی پێدەدرێت بە 100 هەزار دینار.
 
باسی لەوەشکرد، "ئێستا رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر نەوت دەگاتە کۆگەکانی سووتەمەنی هەولێر و دوای پشکنین دەنێردرێن بۆ دابەشکردن، ئەگەر دابەشکردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەکان تەواوبوو ئەوا هەوڵدەدەین لەگەڵ ناوچەکانی دەرووبەر لەناو هەولێریش دەست بکەین بەدابەشکردنی نەوت."
 
لەبارەی بڕی پشکی هەولێر لە بەنزینی 750 دیناری، ئاری کاکەشین دەڵێت، بڕەکەی بەگوێرەی رۆژ دەگۆڕێت و کەم و زیاد دەکات، ئێستا رۆژانە نزیکەی 800 هەزار لیتر بەنزین پشکی هەموو پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سۆرانەوە.
 
بۆ دابەشکردنی ئەو بەنزینە بەسەر شاری هەولێر و قەزاو ناحییەکانی، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان دەڵێت، " دابەشکردنی بەنزینەکە بەسەر قەزا و ناحییەکان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووانە، بەڵام لەنێو هەولێر بەگوێرەی قەرەباڵخی و رێگە سەرەکییەکانە."
 
رۆژانە شۆفێرانی تاکسی لە سنووری هەولێر پەیوەندی بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو دەکەن و داوا دەکەن بەنزینخانەی تایبەت بە تاکسی و پاسەکانی گواستنەوە جیا بکرێتەوە.
 
ئاری کاکەشین دەڵێت، لە رابردوودا بەنزینخانەمان هەبووە تایبەت بووە بە تاکسی و پاسەکان، بەڵام ئێستا هیچ بەنزینخانەیەک تایبەت نەکراوە بە تاکسییەکان، بۆیە هەوڵمان داوە بەنزینەکە بە یەکسانی بۆ هەمووان بێت بەبێ جیاوازی.
 
گوتیشی، رۆژانە داتای دابەشکردنی بەنزین و زانیارییەکان دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سووتەمەنی و پشکنین بۆ کوالێتی و جۆری بەنزینەکانیش دەکرێت، هەر بەنزینخانەیەک گرفتی هەبێت سزای دەدەین.
 
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری ئاماژەی بەوەکرد،" بۆ ئاسانکاری بۆ فەرمانبەران رێگە بە چەند بەنزینخانەیەک دراوە بۆ ئەوەی لە کاژێر 5:00ـی بەیانییەوە بەنزین دابەشبکەن بۆ ئەوەی فەرمانبەرانیش سوودی لێ ببینن، هەموو ئەو بەنزینەی دێت رۆژانە پشکنینی بۆ دەکرێت هەر بەنزینخانەیەک فێڵ بکات رووبەڕووی سزای دەکەینەوە."