دوای بەدواداچوونێکی رووداو 12 هەزار دەرزی بۆ تووشبووانی تالاسیما لە عێراقەوە نێردرا

23-10-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن تالاسیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ نەمانی دەرزی نەخۆشانی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما دەڵێت، 12 هەزار دەرزییان بۆ نێردراوە.
 
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی دوو هەزار نەخۆشیان پێویستیی بەپەلەیان بە دەرزیی "دیسڤراڵ"ـە کە پێشتر بەغدا ناردوویەتی و سێ مانگە رایگرتووە. رووداو لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق لەو بابەتە ئاگادار کردەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هۆکار و هەوڵی رووداو، حکومەتی عێراق دەرزی بۆ نەخۆشانی تالاسیما نارد. بەشی هەولێر 12 هەزار دەرزی هاتووە. بڕەکە کەمە، بەڵام رووداو نەبووایە ئەوەش نەدەهات."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما گوتی، لە دهۆک دەرزییەکەیان لێ نەبڕاوە، بەڵام "زۆر کەم"ـیان ماوە و تاوەکو ئەمڕۆ پشکی نوێیان بۆ نەنێردراوە.
 
کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیما لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سلێمانی دەرزی ماوە، بەڵام بڕێکی زۆر کەم ماوە و پێدەچێت تەنیا بەشی ئەم مانگە مابێت؛ بۆیە ئێمەش داوای دەرزییەکەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەشی نوێمان بۆ نەهاتووە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار نەخۆشی تالاسیما هەن، زۆرترین تووشبووەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆکن، دواتر سلێمانی و هەڵەبجەن.
 
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما داوای هۆکاری راگرتنی دەرزییەکەیان کرد، 4ـی ئەم مانگە دکتۆر گەیلان قادر، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئاگاداربوونی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە لە نەمانی دەرزیی دیسڤراڵ، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق قسەی کردووە و بەڵێن دراوە هەفتەی داهاتوو دەرزییەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
نەخۆشانی تالاسیما کاتێک مانگانە خوێن وەردەگرن رێژەی ئاسن لە لەشیاندا بەرزدەبێتەوە. بە گوتەی ئیبراهیم ئەحمەد، ئێستا نزیکەی نیوەیان پێویستیان بە دەرزیی دیسڤراڵە و نیوەکەی دیکەش حەبی ئێکسجێد کە هەردووکیان کاردەکەن بۆ دابەزینی ئاسن لە لەشی نەخۆشەکاندا.
 
حەبەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەستبوو، بەڵام دەرزی دیسڤراڵ بۆ نەخۆشانی تالاسیما بەردەست نەبوو. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "ئەو دەرزییە نەبێت ئەگەر هەیە نەخۆشەکە گیان لەدەستبدات."
تالاسیما نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە و تێیدا كەسی نەخۆش تووشی تێكشكان و شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێنی دەبێت. ئەمەش لەلایەكەوە تووشی كەمخوێنی دەكات و دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام خوێنی تێبكرێت، لەلایەكی دیكەوە بڕێكی زۆری مادەی ئاسن لە بەشێکی شانەكانی لەشیدا كۆدەكاتەوە و پەكیان دەخات، واتە گواستنەوەی خوێن لە نەخۆشییەكە رزگاری ناكات، بەڵكو چارەسەر بەوە دەبێت لە سەرەتای تەمەنەوە چاندنی مۆخ بۆ كەسەكە بكرێت. 
 
هەر نەخۆشێک مانگانە بۆ دابەزینی رێژەی ئاسن لە خوێنیدا پێویستی بە 80 بۆ 100 دەرزییە، لە بازاڕدا دەرزییەکە هەیە کە هەر پارچەیەکی 10 دەرزی تێدایە و بە 45 هەزار دینارە. ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، 12 هەزار دەرزی بۆ هەولێر نێردراوە و بەشەکە کەمە، بەگوێرەی پێویستی نەخۆشەکان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە