رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، 1.261 تریلیۆن دینار قەرزیان لای پێنج جۆر لە هاوبەشانی کارەبایە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک سیاسەتێک بۆ خۆی دادەڕێژێت بۆ چۆنێتی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی لای هاوبەشانە. سەبارەت بە رەوشی کارەباش بۆ مانگی 11، وەزیری کارەبا گوتی، "پێدانی کاژێرەکانی کارەبا باشتر دەبێت." دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان چاوەڕێن نەوت لە بەغداوە بنێردرێت.
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکانی ئیدارەکە لە بواری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاند، کە لە 11-09-2022 ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کراوە.
کەمال محەممەد گوتی، پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکانی لە ئیدارەی سەربەخۆ کردووەتەوە و "تەنیا ئەوە ماوە بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ دەستنیشان بکرێت."
سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت گوتی، "لە 20ی مانگەوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ناوچە شاخاوییەکان کردووە. خەڵکی ئەو ناوچەیە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 320 هەزار خێزانن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 خێزان لە ئیدارەی زاخۆ لێی سوودمەند بوون. ئومێدەوارین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە کۆتایی بێت."
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکانیش، کەمال محەممەد ئەوەی خستەڕوو، دابەشکردنی نەوتی سپی هەموو گەڕەکەکان لە سەنتەری شار و دەوروبەری و ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، "بەڵام بۆ قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستمان پێکردووە؛ بۆ سەنتەری شارەکانیش چاوەڕێی ئەو نەوتەین کە لە بەغداوە بۆمان دێت."
رۆژی شەممە 22-10-2022، کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر هاوبەشێکی کارەبا (ماڵان) زیاتر لە دوو ملیۆن دینار قەرزدار بێت و نەیگەڕێنێتەوە، بە ناچاری کارەباکەی دەبڕدرێت. بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانیش بکرێت، قیست دیاریکراوە و دەتوانن بە قیست قەرزەکانیان بگەڕێننەوە."
لەبارەی ئەو بابەتە وەزیری کارەبا باسی لەوە کرد، "بەرهەمهێنانی کارەبا تێچوویەکی زۆری لەسەر حکومەت هەیە و ئەگەر داهاتێک نەبێت ناتوانین بەردەوام بین. سەبارەت بەو دوو ملیۆنەش، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک سیاسەتێکی بۆ خۆی داڕشتووە بۆ چۆنێتیی گەڕاندنەوەی داهاتەکەی."
بە گوتەی کەمال محەممەد، "تریلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرزیان لای پێنج جۆر لە هاوبەشانی کارەبایە (ماڵ، پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵی و میری). لەو بڕە قەرزە دامودەزگا میرییەکان بڕی 246 ملیار قەرزدارن."
لەبارەی نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانیش کە کراونەتە سەر کارەبا، وەزیری کارەبا گوتی، "ملیۆنێک و 800 هەزار هاوبەشی کارەبامان هەیە و 84%یان هاووڵاتین. بۆیە رێژە زۆرەکە بەر هاووڵاتییان دەکەوێت لە بابەتی زێدەڕۆدا. لەم کابینەیەدا زیاتر لە 35 هەزار سەرپێچی هەڵگیراون. هەڵمەتەکەش بەردەوامە و هەموو شوێنەکانیش دەگرێتەوە، نەوەک هاووڵاتییان بە تەنیا."
سەبارەت بە رەوشی کارەباش بۆ مانگی 11، وەزیری کارەبا ئەوەی خستەڕوو، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە بازیان داناوە کە توانای بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات کارەبای هەیە، "بە دڵنیاییەوە ئەو 500 مێگاواتە دێتە نێو تۆڕی گشتی و بەوەش پێدانی کاژێرەکانی کارەبا باشتر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ