مانگرتنی مامۆستایان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و داوای ئازادکردنی قوتابیەکانیان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران بۆ راگەیاندنی مانگرتن لە قوتابخانەکان، بەیانیی ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی سەقز، کامێران و مەریوان مانگرتن دەستیپێکرد.
 
بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە قوتابخانەکانی سەقز، مەریوان و کامێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایان دەستیان بە مانگرتن کرد و نەچوونە پۆلەکانی خوێندن. مامۆستایانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای ئازادکردنی مامۆستایان و قوتابیانی دەستبەسەرکراو لە خۆپێشاندانەکانی یەک مانگی رابردووی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
 
مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوە دێت کە چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا داوایان لە خێزانی قوتابیان کردبوو، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانەکان. هەروەها داوایان کردبوو، مامۆستایانیش ئەمڕۆ یەکشەممە مان بگرن.
 
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکان لە راگەیێندراوەکەدا داواشی لە بەرپرسانی قوتابخانەکان کردبوو بەشداریی خۆپێشاندانەکان بکەن و رێگە لە مامۆستایانی مانگرتوو نەگرن.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و ئەنجوومەنی بەدواداچوون بۆ کەیسی ناڕەزایەتییەکانی یەک مانگی رابردوو، لە ماوەی 34 رۆژدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 320 منداڵی خوار 18 ساڵ کە بەشداریی خۆپێشاندانەکانیان کردووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها 23 منداڵ و مێرمنداڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون.