پارێزەری حوکمدراوانی بادینان: بڕیاری ئازادکردنی مەرجداری گیراوانی شیلادزێ رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند، دادگە جارێکی دیکە رەتیکردەوە گیراوانی شیلادزێ بەمەرجی دادی ئازاد بکرێن. دەشڵێت، لە رابردوودا چەند کەسێک بە هەمان ماددە دەستگیرکراون، بەڵام بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار ئەوانی گرتووەتەوە، پێیوایە "ناکرێت لە دادگە بانێک و دوو هەوا بێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-10-2022، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێشتر لە دادگەی کەتنی دەشتی هەولێر لەگەڵ تیمی پارێزەران داوامان کردبوو ئەو 5 چالاکڤانەی شیلادزێ بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار بیانگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە دادگەی کەتنی دەشتی هەولێر، بە پشتبەستن بە بۆچوونی داواکاری گشتی و بڕیارێکی کۆنی دادگەی تەمیز کە پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە نییە، ئازادکردنی مەرجداری ئەو 5 کەسەی شیلادزێی رەتکردەوە".
ئەندامەکەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان پێیوانییە بڕیارەکە راستبێت و دەڵێت: "لە بنەڕەتدا ئەوە راست نییە، چونکە لەسەر هەمان پرس و ماددە خەڵکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە و سزا دراوە، پاشان بە مەرج ئازادکراوە، بۆیە ناکرێت لە دادگە بانێک و دوو هەوا بێت".
رۆژی 16-05-2022 دادگەی 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو گیراوانە دەرکرد.
هەروەها 16-2-2021 دادگەی هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و چوار دەستگیرکراوی بادینان، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی کەتنی دەشتی هەولێر و لە رێگەی دادگەی تاوانەکانی 3ی هەولێر، بەشدار حەسەن دەڵێت: "لەگەڵ تیمی پارێزەران بەنیازین لە هەفتەی ئایندەوە داوای دەستوەردانی تەمیزی دەکەین کە دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستان بێتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت".
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
لە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە: "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی، سزا دەدرێت."
مانگی تەممووز، بەشێک لە گیراوانی بادینان کە ژمارەیان 50 کەس دەبێت دەستیان بە مانگرتن کرد. 2-8-2022، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمداراوانی بادینان بە رووداوی رایگەیاند، "بەهۆی ئازادنەکردنی بە مەرج کە رێگەیەکی یاساییە و پێشتر سێ کەس لە حوکمدراوانی بادینان بەو رێگەیە ئازادکراون، ماوەی 13 رۆژە پێنج لە حوکمدراوانی بادینان لە چاکسازیی هەولێر مانیان گرتووە و تەندروستییان تێكچووە."