رووداو دیجیتاڵ
پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ هەر وەزارەتێک یەک بەربژێرى دیاریکردووە و چاوەڕێى لایەنەکانى دیکەیە بۆ ئەوەى ناوی بەربژێرەکان رادەستى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بکات، لەکاتێکدا یەکێتى ھێشتا لەسەر بەربژێرەکانى یەکلا نەبووەتەوە کە بەنیازە بۆ دوو وەزارەت پێشکێشی بکات.
مەحما خەلیل، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەربژێرى پارتەکەى بۆ ئەو سێ وەزارەتە ئامادەیە، کە بڕیارە وەریانبگرێت و بۆ هەر وەزارەتێک یەک بەربژێرى هەیە.
مەحما خەلیل گوتى: "ئێمە متمانەمان بە تواناى بەربژێرەکانمان هەیە بۆیە لەبرى چەند بەربژێرێک یەک بەربژێرمان هەیە و هەر کات لایەنەکانى دیکە یەکلابوونەوە، سیڤى بەربژێرەکان رادەستى محەممەد شیاع سوودانى دەکەین".
تائێستا یەکێتى و پارتى لەسەر پشکى هەریەکەیان لەو چوار وەزارەتە ناکۆکن کە حکومەتى داهاتووى عێراق پێیان دەدرێت، لەکاتێکدا یەکێتى داواى دوو وەزارەت دەکات، پارتى سێ وەزارەت بە پشکى خۆى دەزانێت بەو پێیەى یەکێتى پۆستى سەرۆککۆمارى وەرگرتووە.
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "هێشتا بەربژێرەکانمان بۆ پۆستە وەزارییەکان یەکلانەبوونەتەوە و بەربژێرمان بۆ دوو وەزارەت دەبێت، بەڵام هێشتا رێککەوتن لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە نەکراوە".
محەممەد شیاع سوودانی رۆژی 13-10-2022 لەلایەن د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێدرا. سوودانی 30 رۆژ کاتی هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە 23 وەزارەت پێکبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ