لە سنووری مەخموور 38 قوتابخانە داخراون؛ قوتابخانەیەک بووەتە شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات

 
رووداو - مەخموور

قوتابخانەی بەشێک لە گوندەکانی سنووری مەخموور بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە داخراون. قوتابخانەی گوندی مەحمەر ئۆمەران لە دەشتی قەراج بە دووریی 10 کیلۆمەتر لە باشووری مەخموور لە ساڵی 2014وە بەهۆی شەڕی داعشەوە داخراوە و ئێستا بووەتە شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات، مریشک و جوجەڵە و سیمای قوتابخانەی لەدەستداوە.
 
پێش شەڕی داعش نۆ خێزان لە گوندەکە دەژیان، بەڵام ئێستا تەنیا یەک ماڵ لە گوندەکە ماوە. هێشتا بەهۆی مەترسییەکانی داعشەوە دانیشتووانی مەحمەر ئۆمەران نەگەڕاونەتەوە، بۆیە قوتابخانەکە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
بە پانایی دەشتی قەراج لە رۆژئاوای چیای قەرەچووخ، کەم گوند هەیە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە قوتابخانەکەی کراوەبێت. گوندەکانی دیکەش حاڵیان لە گوندی مەحمەر ئۆمەران باشتر نییە و قوتابخانەی گوندی گردگڕاویش لە دەشتی قەراج بووەتە وێرانە و هەشت ساڵە داخراوە، هەشت ماڵ لە گوندەکەن و پێنج قوتابییان هەیە کە بۆ خوێندن دەچنە گوندێکی دیکە.
 
زرار خدر، دانیشتووی گوندی گردگڕاوی دەشتی قەراج دەڵێت، "پێش داعش نزیکەی 15 قوتابیمان هەبوو، دوای ئەوە خەڵکەکە رۆیشتن و قوتابخانەکە داخرا، ئێستا پێنج قوتابیمان هەیە، بۆ خوێندن دەیانبەینە گوندی دووسەرە."
 
دۆخەکە لە گوندی بەردی سپی پێچەوانەیە، دانیشتووانەکەی کە لە خێزانی هەشت برا پێکهاتوون، گەڕاونەتەوە. ئەمساڵ سەرلەنوێ قوتابخانەکەیان کراوەتەوە و پۆلەکان ئاوەدان بوونەتەوە.
 
ئێستا لە سنووری مەخموور 73 قوتابخانە کراوەن و 38 قوتابخانەش داخراون. رێبین ئەنوەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی بەردی سپی بە رووداوی گوت، "لەو قوتابخانەیە پێنج مامۆستاین، لە پۆلی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتیمان هەیە و 12 قوتابیمان هەیە."
 
پەروەردەی مەخموور ئەمساڵ دوو قوتابخانەی دووبارە لە سنوورەکە کردووتەوە، ئاگاداری خەڵکی ناوچەکەشیان کردووە کە هەر گوندێک دانیشتووانەکەی بگەڕێتەوە و تەنانەت ژمارەی قوتابییەکانیان لە 10 قوتابییش کەمتر بێت، ئامادەن قوتابخانەیان بۆ بکەنەوە.
 
رەسول محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور دەڵێت، "هەر گوندێک ئەگەر حەوت قوتابیشیان هەبێت قوتابخانەیان بۆ دەکەینەوە، داوامان لە خەڵکی خۆمان کردووە بگەڕێنەوە، بەڵام خەڵک زیاتر داوای ئاسایش و ئارامی دەکەن، داوا دەکەن بۆ پاراستنی ئەمنیەت، پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە."
 
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە سنووری قەراج تەنیا سوپای عێراقی لێیە.
 
تەنیا ئەمساڵ بەهۆی جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعشەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە نزیکەی 15 ئۆپەراسیۆن لە دیوی رۆژئاوای چیای قەرەچووخ ئەنجامدراوە، خەڵکی ناوچەکەش چاوەڕێی دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقن، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوانیان و کۆتاییهێنان بە جووڵەی داعش.