لە راپەڕین گورگ پەلاماری ژنێک و دوو منداڵ دەدات

23-10-2020
بەختیار قادر
بەختیار قادر
نیشانەکردن گورگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هەینی لە گوندێکی دۆڵی شاورێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، گورگ پەلاماری چوار کەسی دا و برینداری کردن کە دوو منداڵ و گەنجێک و ژنێکی بەتەمەن بوون. برینی بریندارەکانیش سووک بووە و سیانیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

 

تەها محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو منداڵەکە تەمەنیان 11 ساڵان و 13 ساڵان بووە. رووداوەکەش لەنزیک رێگەی گشتیی دۆڵی شاورێ بووە و "گەلەگورگ زەفەری پێبردوون و پەلاماری هەردوو منداڵەکەیان داوە". 
 
بە گوتەی تەها محەممەد، دایک و کوڕێک لەو کاتەدا بەسەر رووداوەکەدا چوونە، دایکەکە ویستوویەتی ئەو دوو منداڵە رزگار بکات، بەڵام گورگەکان پەلاماری ئەویشیان داوە و برینداریان کردووە. کوڕی ئەو ژنە چەکی پێبووە و تەقەی لە گورگەکان کردووە و هەڵاتوون، بەڵام گولـلەیەک بەر جەستەی خۆی کەوتووە و بریندار بووە. 
 
تەها محەممەد ئەوەشی گوت، ئەو کوڕەی تەقەی لە گورگەکان کردووە تەمەنی 16 ساڵان بووە، هەر چوار بریندارەکە گەیێندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رانیە و "باری تەندروستییان جێگیرە".
 
رووداو چووە ئەو نەخۆشخانەیەی بریندارەکانی تێدا خەوێندرابوون، یەکێک لە بریندارەکان کە ناوی هێڤارە چیرۆکەکەی جیاواز گێڕایەوە. گوتی، "گورگ بەیانیی رۆژی هەینی پەلاماری دوو منداڵەکەی داوە، دوا نیوەڕۆش من لە ماڵی باپیرم بووم و لەوێ نەنکم هاواری کرد، سەیرم کرد گورگ پەلاماری نەنکمی دا، منیش دارێکم هەڵگرت و ویستم بەرگری لە خۆم و نەنکم بکەم و پەلاماری دام". 

نەنکی هێڤار، قاچی برینداربووە، منداڵەکانیش دەست و قاچیان. ئێستا ئەوان نێردراونەتەوە ماڵەوە و تەنیا هێڤار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە. ئەو بریندارە پێچەوانەی گوتەکانی گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین کە پێشتر قسەی بۆ رووداو کردبوو، گوتی "یەک گورگ بووە و گەلەگورگ نەبووە". 
 
 
رووداوەکانی دیکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین:

- کەسێک گولـلەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە، پۆلیس دەڵێت، دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە

- بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە شەقامی سەید ئەمر لە رانیە، کەسێک گیانی لەدەستدا

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە