سێ‌ مانگە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە راگیراوە


رووداو - هەولێر 

نزیكەی سێ‌ مانگە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە راگیراوە ‌و سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ئەگەر هەڵدانەوەكە وەك گۆڕە بە كۆمەڵەكەی یەكەم بێت، هەڵنەدانەوەی باشترە.
 
سووسن محەممەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵەی یەكەمی سەماوە كەموكوڕی زۆر هەبوو، بۆیە لەو بارەیەوە چەندین تێبینییان داوەتە وەزارەتی كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان، دەشڵێت "ئەو گۆڕانە ناسنامەی جینۆسایدكردنی میللەتێكە پێویستە لەكاتی هەڵدانەوەیان رێكخراوەكان ‌و کونسوڵگەرییەكان ‌و راگەیاندنە جیهانییەكان ئامادەگییەكی تەواویان هەبێت".
 
سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان وجینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد، هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی یەكەمی سەماوە، كەمتر دەنگدانەوەی جیهانی هەبوو، كە پێویست بوو بە پێچەوانەوە بوایە.
 
لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی هەڵدانەوەی دوو گۆڕەكەی دیكەی سەماوە كە سێ‌ مانگە راگیراوە، سووسن محەممەد گوتی "بەشی زۆری پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانی پێشووی عێراقەوە هەیە، كە زۆری شتی لەعێراقدا راگرت، بەشێكی دیكەشی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان كە پێویستە ئامادەگییەكی باشتر بكات بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان". 
 
لە سنووری پارێزگای سەماوە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵەی ئەنفالكراوەكانی كوردستان هەیە ‌و تاوەكو ئێستا سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لەو سنوورە دۆزراونەتەوە ‌و تەنیا گۆڕێكیشیان هەڵدراوەتەوە كە 171 رووفاتی تێدابوو، ئەویش لە 23-7-2019 دەستكرا بە هەڵدانەوەی.
 
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ساڵی2004ـەوە چوار گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەرجەم رووفاتەكانیان كورد بوون و خەڵكی ناوچەی بارزان و گەرمیان بوون.
 
ساڵی 2004 دوو گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەكەم 114 رووفاتی تێدا بوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005 گۆڕێك هەڵدرایەوە، كە 503 رووفاتی تێدابوو، ساڵی 2013 گۆڕێك هەڵدرایەوە 93 رووفاتی تێدا بوو.
 
تیمی نیشتمانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كە پێكدێن لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق و پەیمانگەی پزیشكی دادوەری بەغدا.