بەڤیدیۆ؛ تەقاندنەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لەلایەن پێشمەرگە
رووداو - میحوەری ناوەران
لە حەوتەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵدا لە میحوەرەكانی باشیك و ناوەران، دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و، ئۆتۆمبێلێكیش لەلایەن فڕۆكەیەكی هاوپەیمانانەوە تەقێندرانەوە. ئەو ڤیدیۆیەی دەیبینن لە گوندی فازلییە لە میحوەری ناوەران لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو تۆرماركراون و، ئەوە دەردەخەن كە چەكدارانی داعش و پێشمەرگە زۆر لەیەكەوە نزیكن.
لە کاژێر 6:30 خولەكی بەیانی رۆژی یەکشەممە 23-10-2016، پێشمەرگە لە میحوەرەكانی باشیک و ناوەران دەستی بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان کردووەتەوە و، تاوەكو ئێستا ژمارەیەك گوندی كۆنترۆڵكردوونەتەوە و ژمارەیەك گوندیشی گەمارۆداون، هەردوو هێزەكەی پێشمەرگەش لەبەردەم شارۆچكەی باشیك گەیشتنەوە یەك.