ناوچە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشە و ئاستەنگیان زۆرە

رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان

دەیان ناوچەی پارێزراو، سەدان شوێنی گەشتیاریی سرووشتی و هەزاران شوێنی مێژوویی، لەوانە زرێبار، تاق وەسان، بیستون، ئەشکەوتی کەرەفتوو، قوری قەڵا و سەهۆڵان، مارمیشۆ، ئاناهیتا، ئاویەر ، قەرە کلیسا و بابا یادگار، مشتێ لە خەرمانی کەرتی گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستانن . 


لە بواری گەشتیارییەوە رۆژهەڵاتی کوردستان توانایەکی زۆری هەیە، بەڵام کێشەو ئاستەنگ و گرفتەکان دە هێندەن .

 بۆ نمونە بە گوتەی سەرۆکی گشتی رێکخراوی میراتی کولتوری و گەشتیاری پارێزگای سنە، ئەو پارێزگایە 2 هەزار و 137 خاڵی گەشتیاری تێدایە، کە 788 دانەیان لە لیستی شوێنە پارێزراوەکانی گەشتیاری ئێراندان .

بە گوتەی سەرۆکی گشتی رێکخراوی میراتی کولتووری و گەشتیاری پارێزگای ورمێ، لەو پارێزگایە یەک هەزار و472 شوێنەواری مێژوویی هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو شوێنانەی کە ئیمکاناتی پێویستی کەرتی گەشتیاریان بۆ دابینکراوە، ناگاتە ژمارەی قامکەکانی دەست.

رێکخراوی میراتی کولتوری و گەشتیاری پارێزگای ورمێ پێشتر رایگەیاندبوو، 40 شوێنەواری مێژوویی خەریکن لەناو دەچن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بەڵام بودجەی پێویستمان لەبەر دەست نییە. ئەوە تەنیا نمونەیەکە لە کێشەکانی کەرتی گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان .

مەسعود سوڵتانیفەڕ، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری میراتی کولتووری و پیشەدەستییەکان و گەشتیاری، سەبارەت بە گەشەی کەرتی گەشتیاری لەو وڵاتە، رایگەیاندووە کە، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ بەرزەشەپۆلی گەشتیاران دەکات، پاش ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بە تەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردن و سزاکان لەسەر ئێران لابرێن.

سوڵتانیفەڕ ئاماژەی بەوە کردووە، لابردنی سزاکان لەسەر ئێران رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی گەشتیارانی بیانی روو لەو وڵاتە بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری گەشەی باری ئابووری ئەو وڵاتە.

بە گوتەی مەسعود سوڵتانیفەڕ، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری میراتی کولتووری و پیشەدەستییەکان لەم بارەوە گوتوویەتی" ئێران دەستیکردووە بە وەبەرهێنان و لە چەند رۆژی داهاتوودا پاکێجێک رادەگەیێنێت، کە هەزار و 300 پرۆژە لەخۆدەگرێت " .

مەسعود سوڵتانیفەڕ جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند:" رێگای رزگاربوونی ئابووری ئێران لە داتەپین، بە دڵنیاییەوە گەشتیارییە، ئێستا کەرتی تایبەت بە بڕە پارەیەکی نزیکی 12 ملیار دۆلار خەریکی جێبەجێکردنی هەزار پرۆژەی گەشتیارییە".

ساڵی رابردوو ئێران پێشوازی لە 5 ملیۆن گەشتیار کردووە و 7 بۆ 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، بە گوتەی سوڵتانیفەڕ ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات و سزاکان لەسەر ئێران لاچێت بۆ ساڵی2025 چاوەڕوان دەکرێت ساڵانە 20 ملیۆن گەشتیار روو لە ئێران بکەن و 25 بۆ 30 ملیار دۆلار داهاتی ساڵانەی بۆ ئەو وڵاتە هەبێت بێت.

ئێستا جێی پرسیار ئەوەیە؟ پشکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو هەزار و 300 پرۆژەیەی، رێکخراوی میراتی کولتووری و پیشەدەستییەکان و گەشتیاری چەندە؟