رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 614 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا لە هەڵەبجە دادەمەزرێن و گوتیشی، "11 هەزار و 137 کەس فۆڕمی دامەزراندیان پڕ کردووەتەوە."
رۆژی 22ی شوباتی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و لە خاڵێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ کاروباری کارگێڕی بە رووداوی راگەیاند، "هەڵەبجە پێوستی بە زیاتر لە 7 هەزار و 200 دامەزراندنە. بەڵام 614 دادەمەزرێندرێن. ئەنجوومەنی راژە لینکێکیان دروستکرد، 11 هەزار و 137 کەس فۆڕمی دامەزراندیان پڕ کردەوە."
سەرەتا وا بڕیاربوو، ئەوانەی فۆرمەکە پڕدەکەنەوە دەبێت لەدایکبووی 1988 بەرەو خوار بن. کۆمەڵێک لە خوێندکارانی دەرچووی دانەمەزراو داوایان کرد، تەمەنەکە دەستکاری بکرێت و تاوەکو لەدایکبووی 1982 بگرێتەوە.
شاهین رەزا دەڵێت، "نووسراوێکمان بۆ ئەو کۆمەڵە خوێندکارە کرد بۆ دەستەی ئەنجوومەنی راژەی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان بڕیاریاندا و تەمەنەکەیان بۆ کردن بە 1984 بەرەو خوار."
بە گوتەی ئەو جێگرەی پارێزگای هەڵەبجە، "پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کۆتایی مانگی پێنجی ئەم ساڵ بووە. ئەنجوومەنی راژە خۆیان لیژنەیان پێکهێنا و بەپێی ئەو پێوەرانەی دایاننابوو، 918 کەسیان دیاریکرد و لەنێو ئەوانیش هەڵدەبژێردرێن."
روونیکردەوە، "بەڵێنمان پێدراوە 614 کەسمان بۆ دابمەزرێنن. کاتێ سەرۆکی حکومەت هات بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا؛ پارێزگاری هەڵەبجە بە سەرۆکی حکومەتی گوتبوو 114 کەسی دیکەیشمان هەیە، ئەوانیشمان بۆ دابمەزرێنن. سەرۆکی حکومەت گوتبووی ئەوەشتان بۆ دەکەم."
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنى فۆرمى داواکاریی دامەزراندن بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەى گرێبەست بە رەچاوکردنى ئەم خاڵانە دەبێت:
- پێویستە پێشکێشکار (Email)ی تایبەت بە خۆی لە ئەکاونتی (Gmail) هەبێت و (Sign-in) کرابێت بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمی داواکاری دامەزراندن پڕبکاتەوە.
- تەنیا دانیشتووانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەتوانن فۆرمى داواکارى دامەزراندن پێشکێش بکەن.
- پێشکێشکار مافی هەیە تەنیا یەک پسپۆڕى لە فۆرمى داواکارى دامەزراندن هەڵبژێریت.
- پێشکێشکار دەتوانێت تاوەکو (3) وەزارەت و لایەنى نەبەستراو بە وەزارەت بۆ کارکردن لە بواری پسپۆڕییەکەی هەڵبژێرێت، بە مەرجێک پسپۆڕییەکەی لە لایەن وەزارەتەکە داواکرابێت.
- ناردنی زیاتر لە یەک فۆرمی داواکاری لە لایەن پێشکێشکار رێگەپێدراو نییە و دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ