یەکێتی مامۆستایان: ئەم ساڵ 2 ملیۆن قوتابی و خوێندکار بە بەشداری 170 هەزار مامۆستا دەخوێنن

23-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە دەکات. جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت، بەهۆی راگیرانی پلەبەرزکردنەوە، چەند ساڵێکە مانگانە 60 بۆ 120 هەزار دینار لە مامۆستایان دەبڕدرێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە چەند خاڵێکی لەخۆگرتووە و لە یەکێکیاندا داوا دەکات، مووچەی مامۆستایان لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 01-02-2016وە پلە بەرزکردنەوە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. مامۆستا و فەرمانبەر هەیە لەو کاتەوە دەبوو دوو بۆ سێ پلە، پلەی بەرز بکرایەتەوە."
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "لە راستیدا پلە بەرزکردنەوە واتە بەرزکردنەوەی مووچە. ئێستا بەهۆی راگیرانیەوە بەگوێرەی پلەکان مامۆستا مانگانە 60 بۆ 120 هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2024-2025دا نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکار بە بەشداری زیاتر لە 170 هەزار مامۆستا لە قوتابخانەکان، زانکۆ و پەیمانگەکان دەخوێنن.
 
یەکێتی مامۆستایان وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایان رایگەیاندووە، "جەخت لە داواكاری و مافەكانی مامۆستایان دەكەینەوە و دەخوازین پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپێشی پێشەوەی بایەخ پێدانەكانی حكومەت بێت و هەموو توانایەکی مادی و مەعنەوی بۆ فەراهەم بكات."
 
یەکێتی مامۆستایان چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
 
- چارەسەركردنی كێشەی مووچە و پێدانی بەشێوەیەكی مانگانە لەكاتی خۆی.
 
- بەزووترین كات پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە.
 
- وێڕای پیرۆزباییمان لە مامۆستایانی وانەبێژ بە بۆنەی بوونیان بە مامۆستای گرێبەست، داواكارین كە بە یەكجاری و بە هەمیشەیی بكرێن.
 
- دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لەهەموو ئەو پێشینانەی لە بانکە فەرمییەكان دەدرێت لێیەوە سوودمەند بن.
 
- گرنگە بە زووترین كات زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش بكرێت و راستەوخۆ خزمەتگوزاری بۆیان بگەیێندرێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی 2024 - 2025 دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە