رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان لە ئەنجامێکی رووداوێکی هاتووچۆدا 20 کەس برینداربوون.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، مینی پاسێک لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو قەزای بولانیک و ڤارتۆ لە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان وەرگەڕا. بەهۆیەوە 20 کەس برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی مووش رایگەیاند، مینی پاسەکە لە ئەنجامی خلیسکانی بەهۆی تەڕبوونی رێگە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونییەوە، وەرگەڕا.
دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە و سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی گشتیی شار چارەسەر وەردەگرن.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە کە تێیدا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە پار بە گشتی ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە. لەو رووداوانەدا 6548 کەس گیانیان لەدەستداوە و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ