پۆلیسی هەولێر: خاوەنی ئەکاونتی 'خودایە زۆر شوکر یاڕەب' دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر کەسێک دەستگیرکرا کە بە گوتەی پۆلیسی هەولێر، بە سناپچاتێکی ساختە، چەندین ئافرەتی هەڵخەڵەتاندووە و فێڵی لێکردوون. ئەکاونتەکە بە ناوی 'خودایە زۆر شوکر یاڕەب' بووە.
 
دووشەممە 23-09-2024 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر  لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "تۆمەتبارێک، کە لە رێگەی ئەکاونتێکی سناپچات بە ناوی خودایە زۆر شوکر یاڕەب، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کچانی فریو داوە و لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کرا."
 
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رادەستی دادگە کراوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوپەڕی هۆشیارییەوە بەکار بهێنن، "بۆ ئەوەی هەڵنەخەڵەتێندرێن و فێڵیان لێنەکرێت."
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگەش، ئاسایشی هەولێر کەسێکی دەستگیر کرد کە بە خاوەن و بەکارهێنەری گرووپی "مەلەفە زەخمەکان" ناسراوە. ئەو کەسە تۆڕێکی لە تەلەگرام هەبووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە خەڵکی کردووە لە ئەگەری ئەوەی پارەی پێنەدەن. 
 
ئاسایشی هەولێر گوتی: "لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بۆمان دەرکەوت خاوەنی گرووپی (مەلەفە زەخمەکان)ـە، لە تۆڕی (تەلەگرام) و خاوەنی هەژماری (شۆخان)ـە لە سناپ چات."