خوێندنی باڵا بۆ رووداو: ناوی وانەبێژانمان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بە مەبەستی بەگرێبەستکردنیان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: ناوی وانەبێژانی 2023 - 2024 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە. ئەو وانەبێژانەی پێش ئەو ساڵە وازیان هێنابوو بە لیستێکی جیا، رەوانە کراون.
رۆژی دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەگەڵ لیستی ناوی وانەبێژانی 2023-2024، ناوی ئەو مامۆستا وانەبێژانەش کە لە ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2023 وانەبێژ بوون بە لیستێکی جیا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی بەگرێبەستکردنیان پەسند بکرێت."
ئەو وانەبێژانەی پێش ساڵی 2023-2024 بە هەر هۆکارێک بێت وازیان لە وانەبێژی هێناوە، ژمارەیان نزیکەی 2000 کەسە.
ئاریا ئەحمەد، نوێنەری پێشووی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت: "ئێمە وەکو ئەو وانەبێژانەی کە پێش ساڵی 2023-2024 وازمان لە وانەبێژی هێناوە، کە وازهێنانیشمان بە ویستی خۆمان نەبووە، یان بە ناچاری لەبەر بژێوی ژیان بووە یانی کەسی دیکە لە شوێنمان دانراوە."
ئاریا ئەحمەد گوتیشی: "لەنێو ئەو وانەبێژانەدا هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش هەیە و لە بە گرێبەستبوون بێبەش بوون، لە کاتێکدا زانکۆ و پەیمانگاکان پێویستیان پێمانە، بۆیە هیوادارین ئەنجوومەنی وەزیران لە یادمان نەکات."
بە گوێرەی بڕیارێکی رۆژی 16ـی ئەیلوول کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بڕیار دراوە ئەو مامۆستایانەی خوێندنی باڵا کە ناویان لە لیستی 2023-2024ـی وەزارەتی داراییدا هەبووە بە گرێبەست بکرێن.
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.