رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ شەڕڤان و گەریلای لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە رۆژی دووشەممە 23-9-2024 بڵاویکردووەتەوە، دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شەڕڤانێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دوو گەریلاکە لە باشووری کوردستان و لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'چنگ - قوفڵ" ناوی دەبات، گیانیان لەدەستداوە. شەڕڤانەکەش لەو ناوچەیەی سووریا گیان لەدەستداوە کە تورکیا بە "قەڵغانی فورات" ناوی دەبات.
رۆژی یەکشەممە 22-9-2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس کوژرانی سەربازێکی بەناوی ماشەڵڵا ئاباکای لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە ناوچەی زاپ راگەیاند.
هەمان رۆژ ناوەندیی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی سوپای تورکیا لە ئەنجامی هێرشێکیان بۆ سەر سەنگەرێکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ راگەیاند.
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ