سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رووداو: بەغدا 243 ملیار دیناری دیکە دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەمزوانە بەغدا 243 ملیار دیناری دیکە بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات. شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە.
تاوەکو ئێستا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نەچووەتە بەغدا.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەتەوە.
سبەی کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەمەبەستی خەرجکردنی ئەو پارانەی کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان بڕابوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی دوو تاوەکو مانگی هەشت، بەغدا 815 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی بە چەند بیانووێک بڕیبوو، لەوانە: نەبوونی بایۆمەتری، ناوی دووبارە و دوو مووچەیی. ئەو شاندە تەکنیکییە کە چووەتە بەغدا هەموو سەرنج و تێبنییەکانیان لەبارەی لیستی مووچە چاککردووەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت، بەغدا 572 ملیاری لەو 815 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بڕیارە ئەوەی ماوە خەرجی بکات کە 243 ملیار دینارە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی هەشت پێبدرێت.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان چووبێتە بەغدا، بەڵام ئامادەکارییەکان بەردەوامە بۆ چوونی شاندەکە، ئەوەی ئێستا لە بەغدایە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتیی داراییە.