دژە تیرۆری عێراق دەستگیرکردنی "دوو تیرۆریست" لە سلێمانی رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سلێمانی دەستگیر کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 23-09-2024 دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان دەزگای دژە تیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "دوو تیرۆرییستمان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد".
 
دەزگای دژە تیرۆری عێراق روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەو کەسانە نەداوە، کە دەستگیرکراون.
 
زۆر جار هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوئاهەنگی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆن دەکەن و کەسانی گومانلێکراو دەستگیردەکەن.
 
رۆژی هەینی، 02-08-2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند: "لە درێژەی کار و چالاکییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سەروماڵی ھاوڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر لە قەزای چەمچەماڵ تیرۆرستێکی دەستگیر کرد".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە ناوی (ل. ێ. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، لە بنەڕەتدا خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و لە قەزای چەمچەماڵ خۆی شاردبووەوە.
 
دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاندووە، "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە پێشینەی کاری تیرۆرستیی ھەبووە لەناو رێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، توانرا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر CTGـەوە دەستگیر بکرێت".