بەشێک لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەولێر گردبوونەوە

23-09-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن. یەکێک لە نوێنەرانیان دەڵێت، ''پڕۆسەی دامەزراندنمان سستییەکی زۆری پێوە دیارە و تەنیا لەسەر واژۆیەک وەستاوە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23-09-2024، ژمارەیەک لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە لە هەولێر گردبوونەوە و وەکو ''سەرەتاییترین'' مافی خۆیان، داوای دامەزراندنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان کرد.
 
کاروان عەلی، یەکێک لە نوێنەرانی سێ یەکەمەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''36ـەمین جارە خۆپێشاندانی گشتی دەکەین، 35 جار راگەیێندراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێنێکی کرداری بە ئێمە نەدراوە".
 
کاروان عەلی رووی دەمی کردە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گوتی، ''بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی نێو زانکۆ و پەیمانگەکانین، چۆن هاوخەمی برا پێشمەرگەکان بووی، هاوخەمی ماڵە شەهیدەکان بووی، هاودەنگی کاسبکاران بووی، بەو شێوەیەش هاودەنگ و هاوسۆزی ئێمەبە.''
 
ئەو نوێنەرەی سێ یەکەمەکان ئاماژەی دا، زیاتر لە مانگێکە بە هەموو شێوەیەک لە رێگەی سۆشیالمیدیا، بە بانگەشەی میدیایی و گردبوونەوە لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران داوای خۆیان گەیاندووە.
 
کاروان عەلی جەختی لەوە کردەوە، بە شێوەیەکی ''ئەکادیمی''ـیانە خۆپێشاندان دەکەن و داوای سەرەتاییترین مافی خۆیان دەکەن کە دامەزراندنە، ''بەڵام ئەگەر هەر دەرگەی دامەزراندن بە رووی ئێمەدا نەکرێتەوە، ناچارین هەڵوێستی دیکە بگرینەبەر.''
 
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی سێ یەکەمەکان، رێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی تەواو بووە. "تکا دەکەین بە زووترین کات بڕیاری دامەزراندنی ئێمە دەربکرێت.''
 
کاروان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، ''12هەزار و 286 یەکەمی زانکۆ و پەیمانگە بە مەبەستی دامەزراندن بایۆمەترییان بۆ کراوە و نووسراوەکەی لە رێگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزکراوەتەوە، بەڵام سستییەکی زۆر لە پڕۆسەکەدا دەبینرێت.''
 
 بایۆمەتریی ئەو دەرچووانە بۆ ئەوەیە بزانرێت دامەزرێندراون یان نا، هەروەها ژمارەیەک زانیاریی تێدایە لەسەر ئەو کەسانە بۆ دامەزراندنیان وەردەگیرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لیستی کۆتایی ناوی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە دەرچووانی ساڵانی 2017-2018، تاوەکو 2022-2023 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدا بکرێن و کار لەسەر دامەزراندنیان بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.