لە راپەڕین مێرمنداڵێک کوژرا و یەکێکی دیکە بریندار بوو

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێت، لە رووداوێکی شەڕکردندا، مێرمنداڵێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
 
رابەر حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەوروبەری کاژێر 1:00، دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی (س. ح. س) لەگەڵ (ت، ب، ح) کە هەردووکیان لەدایکبووی 2008ن، دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا روویدا و شەڕیان کردووە.
 
بە گوتەی رابەر حەسەن، دوو مێرمنداڵەکە "دەبێتە شەڕیان و لە شەڕەکەدا چەقۆیان بەکارهێناوە؛ بەو هۆیەوە هەردووكیان بریندار بوون. هەردوو هاونیشتمانییەکە گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی رانیە بە مەبەستی چارەسەرکردن". 
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، (ت، ب، ح) بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ سلێمانی گوێزرایەوە و  کاژێر 7:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دادوەر بڕیاریداوە بە راگرتنی (س، ح، س) بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.