قوربانییەکی 'تەقەی خۆشی' چیرۆکی خۆی لە کتێبێکدا دەگێڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چنوور تۆفیق وەکو هەر مرۆڤێک هەزاران خۆزگە و ئاواتی هەبوو لە داهاتوودا بەدییان بهێنێت، بەڵام لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە حەوشەی ماڵەکەیاندا کاتێک یاریی دەکرد، لە 23ـی ئەیلوولی 1987 دا لەکاتی تەقەی خۆشی و بۆنەیەکی حیزبی بەعسدا، گولـلەیەک بەر ناوشانی دەکەوێت، لەو کاتەوە، چیرۆکی خەمناکی ئەو دەستپێدەکات، یەک گولـلە دەیکات بە کەسێکی نیڤشکان.    
 
بەپێی رێزبەندیی ئەندامانی خێزانەکەی، چنور دوایین منداڵە و لە 20ـی حوزەیرانی 1983 لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لەدایکبووە، ئەو لەنێو کۆمەڵێک ئازار و ناخۆشیدا گوزەری کردووە. ئەو چیرۆکەکەی لە کتێبێکدا یاداشتکردووە. چیرۆکی ژیانی لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەگێڕێتەوە، لەو کاتەی بەعس بە تەقەت خۆشی یادی بۆنەیەکی دەکاتەوە، ئەو دەبێتە قوربانی.
 
"تەقەی خۆشی" ناوی کتێبەکەی چنوور تۆفیقە و لە بەشێکیدا هاتووە: "دوای چەندین رۆژ مانەوەم لە نەخۆشخانە و ماڵەوە، دواجار قاچەکانم لەدەستدا و دوای ئەم هەموو ئازار و ئەو نەشتەرگەرییەی کە بێ هیوا بووم قاچەکانم بۆ بگەڕێتەوە، بێ ویستی خۆم عارەبانەیەکیان بۆ هێنام بۆ ئەوەی ببێت بە هاوڕێی ژیانم". 
 
هەر لە کتێبەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دوای ئەو رووداوە، سەخت بوو خۆی لەگەڵ ئەو ژیانە رابهێنێت، وەکو منداڵێکی بچووک جەستەیەکی لاوازی هەبێت و لەسەر عارەبانەیەکی گەورە بێت، لە کاتێکدا منداڵان لە بەردەمیدا یارییان دەکرد و بە قاچەکانیان هاتووچۆیان دەکرد.  
 
چنوور تۆفیق، بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێنەران پێشوازییان لە کتێبەکەم کرد، هەر لە رێگەی روودا حەز دەکەم کتێبێکەکەم پێشکێش بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم، چونکە یەکێکە لەو سەرکردە سیاسیانەیە کە بەردەوام پاڵپشتی نووسەر و گەنجانە".
 
چنوور تۆفیق، دەرچووی پەیمانگەی کۆمپیوتەرە لە چەمچەماڵ و ئێستا خوێندکاری زانکۆی سلێمانییە. 
 

 

 

 
هەروەها دەڵێت: ئەو ئازارانەی نەتکوژێت، بەهێزت دەکات و لەدوای ئەو رووداوەی بەسەر ئەو هاتووە، هەموو چرکەیەکی مردن بووە، لە هەموو روویەکەوە ناخی ئازاری پێگەیشتووە، کە بۆچی بۆ تەقەیەکی خۆشی چارەنووسی ئەو و خەونەکانی لە گۆڕبنرێت. 
 
لە بەشێکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "گوتم ژیان چیتر بۆ من نییە، بڕیاری خۆکوشتنم دا و، شەوێکیان 19 دانە حەبم خوارد تا کۆتایی بە ژیانم بێن، دواجار چاوەکانم لە نەخۆشخانە کردەوە و هەمان ئەم دیمەنەم بینییەوە کاتێک تەمەنم چوار ساڵ بوو و گولـلەم بەرکەوتبوو. لەدوای ئەمەوە کە هەڵسامەوە، بیرم لەوە کردەوە، ئەوەی من دەیکەم هەڵەیە و بڕیارمدا بەسەر ئەو هەموو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەرمدا هاتووە زاڵبم و بڕیارمدا بگەڕێمەوە بەر خوێندن، بڕوانامەی دبلۆمم لە بەشی داتابەیس لە پەیمانگەی کۆمپیوتەری چەمچەماڵ بەدەستهێنا و ئێستا خوێندکاری زانکۆم لە سلێمانی". 
 
چنوور لە منداڵیدا بەهرە و ئارەزووی وێنەکێشانی هەبووە و لە قوتابخانە ساڵانە پلەی نایابی هێناوە. بەهۆی لێهاتوویی، چەندین جار رێزلێنانی بۆ کراوە و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ئامادەبووە و بەرگری لە مافی نیڤشکان کردووە.
 
"تەقەی خۆشی" لە دووتوێی پەرتووکێکی قەبارە مامناوەندا و لە 124 لاپەڕەدا بە چاپ گەیێندراوە و ئێستا لە کتێبخانەکان دەستدەکەوێت.