لە ورمێ بەهۆی رووخانی بنمیچی قوتابخانەیەکەوە دوو قوتابی بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو قوتابی لە قەزای ناوەندی پارێزگای ورمێ، بەهۆی رووخانی بنمیچی پۆلەکەیانەوە بریندار بوون. ناوەندی راگەیاندنی پەروەردەی پارێزگاکە بڵاویکردووەتەوە، دوای وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کراونەوە.
 
دوێنێ یەکشەممە 22-09-2024 لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندندا، بەشێک لە بنمیچی ژوورێکی خوێندنی قوتابخانەیەک لە قەزای ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رووخا، بەهۆیەوە دوو قوتابی بریندار بوون.
 
پەروەردەی پارێزگاکە لەوبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، دوای رووداوەکە قوتابییەکان لەلایەن فریاکەوتنی خێراوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پشکنینەکان دەرخەری ئەوە بوون کە هەردوو قوتابییەکە تەندروستییان جێگیرە و بە بڕیاری پزیشک نێردراونەتەوە.
 
پەروەردەی پارێزگای ورمێ بەهۆی رووداوەکەوە داوای لێبووردن لە دایک و باوکان دەکات و دەڵێت، "بە ئامادەبوونی نوێنەری پەرلەمان، وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەرانی گشتی و شارەزایانی پەروەردەی پارێزگا بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکرێت."
 
هەموو ساڵێک یەکەم رۆژی پاییز (1ی رەزبەر)، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن دەستپێدەکات. ئەم ساڵ 700 هەزار قوتابی لە پارێزگای ورمێ لە پێنج هەزار و 300 قوتابخانەدا دەخوێنن کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە.
 
بەگوتەی عەلی موتەهەری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکە، بۆ ئەم ساڵی خوێندن، 21 قوتابخانە بە 160 پۆلەوە نۆژەنکراونەتەوە و پێویستە بۆ گەیشتن بە رێژەی ستانداردی قوتابخانە لە سنوورەکە، پێنج هەزار ژووری خوێندنی دیکە دروست بکرێن.