ئاسایشی سلێمانی: هەشت تۆمەتباری ئاژاوەگێڕ و تەقەکەرمان دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتباری "ئاژاوەگێڕ و تەقەکەر" رادەگەیێنێت و دەڵێت، "تۆمەتبارەکان، تەقەیان لە ماڵان و شەقام و شوێنە گشتییەکان کردووە."
 
رۆژی شەممە، 23-09-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی هەشت تۆمەتباری "ئاژاوەگێڕ و تەقەکەریان لە سنووری چەمچەماڵ دەستگیرکرد، کە پشێوییان نابووەوە بە تەقەکردن لە ماڵان، شەقام و شوێنە گشتییەکان."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "لەپێناو ئارامی و ئاسایشی زیاتر و چەسپاندنی یاسا و رێگریکردن لە تەقەکردن و ئاژاوەگێڕی، هێزەکانیان لەماوەی مانگێکدا هەشت تۆمەتباریان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکردووە و سەرجەم ئەو چەکە بێمۆڵەتانەی بەکاریان هێناون لە تاوانەکاندا، دەستیان بەسەرداگیراوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، ئێستا ئەو هەشت کەسە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەکانی (495 - 430-450) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیاندا بەردەوامە.