لاڤرۆڤ بۆ رووداو: پێویستە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سازشکردن، چارەسەر بۆ ناکۆکییەکانیان بدۆزنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردنی هەواڵ: بژار زوبێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، پێیانوایە دەبێت حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی سازشکردن بۆ یەکدی، چارەسەر بۆ ناکۆکییەکانیان بدۆزنەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، وێڕای ئەوەی سزاکانی ئەمریکا رێگە بە بەغدا نادەن قەرزەکانیان بداتەوە، کۆمپانیا نەوتییە رووسیەکان لە عێراق بەردەوامن لە کارکردن و هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەغدا بە جۆرێک بن کە نەکەونە ژێر هەژموونی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە.
رۆژی شەممە، لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە وەڵامێکی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی "ئێمە پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەین."
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی سەردانەکانیدا بۆ بەغدا و هەولێر، "وا دیار بوو ئەو کەشەی لە هەولێر و بەغدا هەیە، بەرەو ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بوو."
لاڤرۆڤ 5ـی شوباتی ئەمساڵ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی کۆبووە و بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاوئاهەنگی لە بواری وزەدا کرد.
دوایین سەردانیشی بۆ هەولێر، 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 بوو کاتێک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لاڤرۆڤ "سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی رووسیا" ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەوکاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
قەرزی کۆمپانیا رووسییەکان
قەبارەی وەبەرهێنانی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی ئۆکراینا رووسیا لە لایەن ئەمریکا خراوەتە ژێر سزای ئابوورییەوە، عێراق ناتوانێت قەرزی کۆمپانیا رووسییەکانی وەک لوئۆیل و گازپڕۆم بداتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ بەغدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاندبوو کە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی قسەیان لەسەر کردووە، قەرزی کۆمپانیا رووسیەکان بووە، کەو ئەوکات وەزیرە عێراقییەکە باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەغدا لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ دەکات.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەمڕۆ شەممە (23-9-2023) لاڤرۆڤ لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوامن لە کارکردن،" روونیشیکردەوە "پڕۆسەی دۆزینەوەی چارەسەرەکان بەردەوامە، بۆ ئەوەی بە جۆرێک بن پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق سەربەخۆبن و نەکەونە ژێر هەژموونی هەر کەسێک، چ لە واشنتن بێت یان پایتەختەکانی دیکە کە خەڵکەکەیان وا بیردەکەنەوە خۆیان گەورەی جیهانن."
رۆژی هەینیش، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا کۆبوونەوە و "باسیان لە ئاسۆکانی پێکەوەکارکردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانی مۆسکۆ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا بێنێت؟
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی 'ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی بە سەرۆک، دەتوانێت شەڕی ئۆکراینا بە خێرایی کۆتایی پێ بێنێت وەک بەڵێنیداوە؟' لاڤرۆڤ بە پەیامنێری رووداوی گوت، "چی دەبێت ئەگەر (ڤۆلۆدمیر) زیلینسکی (سەرۆکی ئۆکراینا) گوێ بە بڕیارەکەی نەدات؟"
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "رژێمێکی نازی لە کیێڤ هەیە کە گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئێمە قەدەخەکردووە."
لاڤرۆڤ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی گوشار لە ئۆکراینا دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ رووسیا نەکات.
لاڤرۆڤ بە رووداوی گوت "لە ئادار و نیسانی ساڵی 2022 گفتوگۆمان کرد و لەسەر هەندێ شت رێککەوتین، بەڵام دوو رۆژ دواتر، رووداوەکەی بووچا دروستبوو، چونکە بە بڕوای من، هەندێ کەس هەبوون لە لەندەن یان واشنتن نەیاندەویست جەنگ کۆتایی بێت."
ئاداری 2022، دوای کشانەوەی رووسیا لە شاری بووچای رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، میدیاکانی سەر بە کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا وێنەی هەندێ "تەرم"ـیان پێشاندا کە لەسەر شەقامەکانی شارەکە کەوتبوون. ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی، هێزە رووسیەکانیان بە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ تۆمەتبارکردن. رووسیا تۆمەتەکانی رەتکردەوە و تۆمەتەکانی بە سیناریۆ ناوبردن.
بەگوتەی لاڤرۆڤ، ئەو رووداوە بیانووێک بووە بۆ پەکخستنی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ.
"من، جەخت دەکەمەوە لەوەی ئێمە ئامادەبووین، لەوەش زیاتر، ئێمە لەسەر دانوستاندن رێککەوتن و لە نیسانی 2022 گەیشتینە رێککەوتنێک، بەڵام دواتر، بە تێگەیشتنی من، بە زیلینسکی گوترا کە ئەگەر بەو خێرایە بە رێککەوتن دەگەن، با بەردەوامبین لە ماندووکردنیان لە گۆڕەپانی جەنگ،" ئەمە بە گوتەی لاڤرۆڤ.
لاڤرۆڤ لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە "پووتین زۆر بەڕوونی گوتوویەتی کە ئێمە ئامادەی دانوستاندنین،" بەڵام گوتیشی "هیچ پێشنیازێک بۆ ئاگربەست لەبەرچاوناگرین، چونکە پێشتر ئەو شتەمان کرد، بەڵام ئێمەتان فریودا."
لاڤرۆڤ پێیوایە واشنتن دەیەوێت شەڕی ئۆکراینا بەردەوامبێت، چونکە ئەوە خزمەت بە کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا دەکات.
وەزیرەکە قسەیەکی مچ مککۆنێڵ، سەرکردەی کەمینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای وەبیرهێنایەوە، کە رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوول، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی "پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا خێر نییە، [بەڵکو] وەبەرهێنانێکە لە بەرژەوەندییە راستەوخۆکانی خۆماندا، چونکە لاوازکردنی هێزی سەربازیی رووسیا، یارمەتیماندەدات لە بەرپەرچدانەوەی نەیاری ستراتیجیی سەرەکیمان، کە چینە."
لاڤرۆڤ لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، واشنتن "هەموو رۆژئاوا هاندەدات وەبەرهێنان بکەن لە دروستکردنی چەک لە ئەمریکا، کە ئەوەش وا دەکات هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئەوروپادا زیادبێت."
رۆژی سێشەممەی رابردوو، 19ـی ئەیلوول، لە گوتارەکەیدا بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد لەدژی هەر گفتوگۆیێکی ئاشتی بوەستنەوە، کە ببێتە هۆی پارچەبوونی ئۆکراینا و داوایکرد، هەڵوێستێکی توندیان بەرامبەر رووسیا هەبێت.
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشتن لە لاڤرۆڤ:
من، ناوم دیار کوردەیە، لە تۆڕی میدیایی رووداو کە گەورەترین دەزگای هەواڵیی هەرێمی کوردستانی عێراقە. دوێنێ ئێوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە. وەک خۆتان دەزانن، کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا هێشتا لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن، بەڵام حکومەتی عێراق بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێت رسوومات و قەرزەکانی بداتەوە، ئێوە چۆن ئەم پرسە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر دەکەن؟ لە کاتێکدا ئەمریکا رازی نییە عێراق لەم سزایانە ببەخشێت. پرسیاری دووەمم، ئێوە پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە. ئێستا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجە و داهاتی نەوت ناکۆکن، ئایا هیچ هاوئاهەنگییەک یان هاندانێکتان هەیە بۆ هەردوو حکومەتەکە بۆ ئەوەی بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبن؟ پرسیارێکی دیکەشم لە بارەی سەرۆک ترەمپە کە دەڵێت، 'ئەگەر بگەڕێمەوە کۆشکی سپی، دەتوانم شەڕی ئۆکراینا زۆر بە خێرایی کۆتایی پێبێنم.' پێتوایە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی بتوانێت چارەسەرێکی خێرا بۆ شەڕەکە بدۆزێتەوە؟
وەڵامی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو سەبارەت بە ئۆکراینا:
پێویستە ئەو پرسیارە لە دۆناڵد ترەمپ و ئەو کەسانە بکەی کە یارمەتیی دەدەن. پرسیارەکە ئەوەیە؛ 'چی دەبێت ئەگەر زیلینسکی گوێ بە بڕیارەکەی نەدات؟' ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە خەیاڵ و گریمانانە ناکەین. ئێمە مامەڵە لەگەڵ دۆخە راستەقینەکاندا دەکەین. ئێستا رژێمێکی نازی لە کیێڤ هەیە کە گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئێمە قەدەخەکردووە. پێش ئەوەش لە ئادار و نیسانی ساڵی 2022 گفتوگۆمان کرد و لەسەر هەندێ شت رێککەوتین، بەڵام دوو رۆژ دواتر، رووداوەکەی بووچا دروستبوو، چونکە بە بڕوای من، هەندێ کەس هەبوون لە لەندەن یان واشنتن نەیاندەویست جەنگ کۆتایی بێت. پێویستە ئەو شتە بخوێننەوە کە مککۆنێل ماوەیەکی کەم لەمەوبەر نووسیبووی، مەبەستم سیناتۆرەکەیە، لەبارەی پشتیوانیکردنی ئۆکراینا کە گوتبووی 'ئەوە خێرێک نییە بە ئۆکراینای دەکەین، بەڵکو وەبەرهێنانێکە لە کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا'، ئەوە شتێکە کە هەموو رۆژئاوا هاندەدات وەبەرهێنان بکەن لە دروستکردنی چەک لە ئەمریکا، کە ئەوەش وا دەکات هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئەوروپادا زیادبێت، ئەوان زۆر راشکاوانە باسی ئەم شتە دەکەن. بۆیە سەبارەت بەوەی؛ ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت هیچ شتێک بکات، من نازانم بەڵام دووبارە، من جەخت دەکەمەوە کە ئێمە ئامادەبووین، لەوەش زیاتر، ئێمە لەسەر دانوستاندن رێککەوتن و لە نیسانی 2022 گەیشتینە رێککەوتنێک، بەڵام دواتر، بە تێگەیشتنی من، بە زیلینسکی گوترا کە ئەگەر بەو خێرایە بە رێککەوتن دەگەن، با بەردەوامبین لە ماندووکردنیان لە گۆڕەپانی جەنگ. ئێستاش کە پرسیاری دانوستاندنمان لێ دەکرێت، سەرۆک پووتین زۆر بەڕوونی گوتوویەتی؛ ئێمە ئامادەی دانوستاندنین، بەڵام هیچ پێشنیازێک بۆ ئاگربەست لەبەرچاوناگرین، چونکە پێشتر ئەو شتەمان کرد، بەڵام ئێوە (ئۆکراینا) فێڵتان لە ئێمە کرد.
وەڵامی لاڤرۆڤ سەبارەت بە کۆمپانیا رووسییەکانی لە عێراقن:
کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوامن لە کارکردن. هەروەها پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەرەکان بەردەوامە، بۆ ئەوەی بە جۆرێک بن کە پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق سەربەخۆ بن و نەکەونە ژێر هەژموونی هەر کەسێک چ لە واشنتن بێت یان پایتەختەکانی دیکە کە خەڵکەکەیان وا بیردەکەنەوە خۆیان گەورەی جیهانن.
وەڵامی لاڤرۆڤ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا:
ئێمە، پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەین. دوایین جار کە لە عێراق بووم، سەردانی هەولێریشم کرد، وا دیار بوو کە ئەو کەشەی لە هەولێر و بەغدا هەیە، بەرەو ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بوو. لە بارەی رێککەوتن لەسەر پرسەکانی دیکەش، پێویستە نوێنەرانی ئەو دوو لایەنە، واتە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سازشکردن بۆ یەکدی، چارەسەر بدۆزنەوە.