رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمیی شوێنی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەولێر، خواست لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە کەمبووەتەوە، خاوەنی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەڵێت، ساڵێکە هەشت ئۆتۆمبێلی کارەبایی هێناوە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک دانەیانی فرۆشتووە.
لە هەولێر تەنیا دوو وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەن، ئەو هاونیشتمانییانەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەیان هەیە، هەر کاتێک بیانەوێت ئۆتۆمبێلەکەیان بارگاوی بکەن دەبێت کاژێرێک بۆ دوو کاژێر چاوەڕوانبن.
رێبەند عەلی، گەنجێکی دانیشتووی هەولێرە و خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی کارەباییە، بە رووداوی گوت، "ئاسوودەم بە ئۆتۆمبێلەکەم بەڵام کێشەی گەورەم بارگاویکردنەوەیەتی، لە ماڵەوە ناتوانم بیکەم چونکە کارەبا ئەوەندە نیە و لانیکەم پێویستی بە 11 ئەمپێر کارەبایە. هەر کاتێکیش گەشتی دەرەوەی شار بکەم دوودڵ دەبم چونکە لە دەرەوەی هەولێر ئامێری بارگاویکردنی لێ نییە."
لە هەولێر لە دوو شوێن ئامێری بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەن، شۆفێرانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دەتوانن بە خۆڕایی ئۆتۆمبێلەکانیان بارگاوی بکەن، کەمیی ئامێری بارگاویکردنەوە وایکردووە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی کەمتر بێت بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە کە بە سووتەمەنی کار دەکەن.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەواوی وزەکەی لە پاترییەکەوە وەردەگرێت، تەمەنی پاترییەکەش شەش بۆ 10 ساڵ دەبێت. چەند کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە هاوردە دەکەن.
نینب شەمعون سلێوە، بەڕێوەبەری راهێنان و پەرەپێدانە لە کۆمپانیای سەردار بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل، بە رووداوی گوت، "دوو کێشە هەن کە وایکردووە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی کەمتر بێت؛ ئەویش کەمیی کارەبای نیشتمانی و نەبوونی وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە، ئەمەش هۆکارە تاوەکو خواستی کڕین کەمتربێت."
تاوەکو ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکان ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە جیانەکراونەتەوە لە کاتی تۆمارکردنیان، چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتیش داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ ئەوەی وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەنتەری شاری هەولێر دابنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ