لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک وەرگرتنی قوتابییانی پۆلی یەک زیادی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

ئەم ساڵ بۆ هێلین جیاوازە، دەستی دایک و باوکی گرتووە و بەرەو قۆناخێکی گرنگی ژیانی هەنگاودەنێت. هێلین ئەم ساڵ بووەتە پۆلی یەکی سەرەتایی لە قوتابخانەی فێنک لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک و بە زمانی کوردی دەخوێنێت.
 
دایک و باوکی هێلین قسەیان بۆ رووداو کرد و دەڵێن، خوێندن بە زمانی کوردی بۆ منداڵەکەیان ئاسانترە، ئەوانیش زمانی کوردییان لەلا گرنگترە لە زمانەکانی دیکە. 
 
سنەوبەر عومەر، دایکی هێلینە و لەبارەی خوێندنی کچەکەیەوە دەڵێت، "دەمەوێت کچەکەم لە پۆلی یەکەم بە کوردی بخوێنێت. لە کەرکووک پێویستە منداڵەکانمان بە کوردی بخوێنن."
 
لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک، ئەمساڵ ژمارەی وەرگرتنی قوتابییان لە پۆلی یەکەم، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە. 
 
قوتابخانەی ژیلوان لە گەڕەکی سەرچناری کەرکووک ساڵی رابردوو، 120 قوتابی وەرگرتبوو، بەڵام ئەمساڵ 130 قوتابی وەرگیراوە، تاوەکو ئێستا پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لە قوتابخانەکە بەردەوامە، سەرباری ئەوەی ئێستا هاونیشتمانییان لە خوێندنی عەرەبییەوە منداڵەکانیان دەگەڕێننەوە خوێندنی کوردی. 
 
محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژیلوان لە کەرکووک، پێشبینی دەکات وەرگرتنی قوتابیان لە قوتابخانەکەی بگاتە 140 بۆ 150 قوتابی، دەشڵێت، ساڵانی پێشووتر ژمارەکە کەمتر بوو لە ئێستا، بەڵام ئەمساڵ زیادی کردووە.
 
دیار حامد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فێنک لە کەرکووک بە رووداوی گوت، چەندین قوتابی هەن، چەند ئاستێکیان لە خوێندنی عەرەبی بڕیوە و ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە خوێندنی کوردی. 
 
ئەو قوتابییانەی لە کەرکووک بە زمانی کوردی دەخوێنن، چانسی ئەوەیان لە بەردەمدایە و دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن. 
 
جیاوازی پرۆگرامی خوێندن و نەبوونی باڵەخانە و پێویستییەکانی دیکە، هەروها دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی بەشی کوردی، کێشە و بەربەستیان لەبەردەم خوێندنی کوردی لە کەرکووک دروست کردووە.
 
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەبارەی دۆخی ئەو مامۆستایانەی لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستانن، دەڵێت، "مامۆستایەکی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەیەکدا لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، مامۆستایەکیش لەگەڵیدایە سەر بە حکومەتی ناوەندییە و هەموو 30 رۆژ جارێک مووچە وەردەگرێت، مامۆستاکەی سەر بە هەرێمی کوردستانە سێ مانگ جارێک وەریدەگرێت، ئەمەش گرفتێکی روونە. تەنانەت جیاوازی لە دامەزراندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندیشدا هەیە؛ کورد بێبەشکراوە."
 
گەڕەک و ناوچە کوردییەکان لە کەرکووک قوتابخانەی عەرەبییان لێ نەکراوەتەوە، بەڵام پەروەردەی کەرکووک ساڵانە هەوڵدەدان، بە بیانووی ئەوەی بەشێک لە خەڵکی کورد منداڵەکانیان لە خوێندنی عەرەبین، قوتابخانەی عەرەبی لەو ناوچانە بکاتەوە.