کەشناسێک: مانگی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بارانبارین دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە 26ـی ئەیلوولەوە پلەی گەرما بەشێوەی بەرچاو دادەبەزێت و مانگی داهاتووش باران دەبارێت.
 
رۆژی شەممە 23ـی ئەیلوولی 2023، کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵەهەور دەبێت؛ بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو 26ـی ئەیلوول، پلەی گەرما جێگیردەبێت و بەرزترین پلە لە سەنتەری پارێزگاکان 44 پلە و نزمترین 38 پلە دەبێت. گوتیشی، "لە 26ـی ئەیلوولەوە بەشێوەی قۆناخ پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و هەست بەفێنکی زۆر دەکرێت."
 
لەبارەی پێشبینییەکانەوە بۆ بارانبارین، ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، بەگوێرەی نەخشەی جیهانی، مانگی داهاتوو لە(8 بۆ 10)ـی مانگ، باران دەبارێت و لە هەفتەی کۆتایی مانگەکەدا بارانی "بەلێزمە دەبارێت و ئەگەری لافاو دەبێت."
 
دوێنێ، کۆتا رۆژی وەرزی هاوین بوو، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە لە نیوەگۆی زەوی و ئەمڕۆ شەو و رۆژ هاوتای یەک دەبنەوە."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 36 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 37 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 39 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 37 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 44 پلەی سیلیزی