وەزیرێکی بەریتانیا بۆ رووداو: یەکگرتوویی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە

23-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا
تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا
نیشانەکردن کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و یەکگرتوویی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە. 
 
تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەمڕۆ (شەممە، 23-9-2023) لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوت، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. 
 
وەزیرەکەی حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، یەکگرتوویی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە و گوتیشی، لەندەن ئامادەیە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ بەهێزکردنی ئەو هاوئاهەنگییەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە. 
 
تاریق ئەحمەد هەروەها رایگەیاند، هاوشێوەی هەولێر، پەیوەندییەکی بەهێزیشیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە. 
 
لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 150 سەرکردەی وڵاتان چوونە نیویۆرک بۆ ئەوەی گوتاری خۆیان لە بارەی نوێترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان پێشكێش بکەن.
 
درووشمی لووتکەی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "دروستکردنەوەی متمانە و وەگەڕخستنەوەی یەکڕیزیی جیهانی؛ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارنامەی 2030 و ئامانجەکانی گەشەپێدانی شیاویی بەردەوامبوون بەرەو ئاشتی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچوون و توانای بەردەوامبوون بۆ هەمووان."
 
دەقی وەڵامی تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ رووداو: 
 
پەیوەندییەکە زۆر باشە لەگەڵ هەردووکیان. پەیوەندییەکە لەگەڵ عێراق زۆر باشە. سەرەتای ئەمساڵ سەردانی عێراقم کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی کۆبوومەوە؛ هەروەها (فوئاد حوسێن،) وەزیری دەرەوەش دەناسم؛ ئەو هاوڕێی منە. ئێمە، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەشت راستەوخۆ بدەمەوە، هەمان شتیش لەگەڵ حکومەتی کوردی هەیە؛ پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور، کە کەسێکە زۆر باش دەیناسم. ئەوەی پێویستە ئەوەیە دڵنیابینەوە لە یەکگرتوویی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە‌هێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا. دڵنیاتان دەکەمەوە، وەکو دۆستی هەردوولا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەین بۆ ئاسانکاریکردن و بەهێزکردنی ئەو هاوئاهەنگییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاوەکو دوای سەری ساڵ مامەڵەکانی هاونیشتمانییان رادەگیرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە مامەڵەکانی هاووڵاتییان رادەگرێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.