سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا

23-09-2022
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا و ئەندامێکی رێبەری ئەو بەرەیەش دەڵێت: "بەرەی یەکگرتوو ئێستا چووەتە قۆناخێکی دیکەی خەباتەوە و حکومەت بەشوێن یەک بە یەکی سەرکردایەتیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دەستگیریان بکات".
 
ئەمڕۆ هەینی 23-9-2022 موحسین رەزەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکرا".
 
موحسین رەزەوی گوتی: "تائێستا چارەنووسی سکرتێری بەرەی یەکگرتوو نادیارە و نازانین کام لایەنی ئەمنی گرتوویەتی و بەرەو کوێ گوازراوەتەوە".
 
دەستگیرکردنی سیاوەش حەیاتی لەدوای ئەوە دێت لە رۆژی پێنجشەممە 22-9-2022 شاندێکی بەرەی یەکگرتووی کورد بە سەرۆکایەتیی سکرتێری ئەو بەرەیە، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مینوو مەجیدی، کە  لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی سێشەممەی شاری کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا، بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
سیاوەش حەیاتی لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئەوان لەبری پاراستنمان، رەحم بە گەورە و بچووکمان ناکەن، نە بەزەییان بە گەنجی 22 ساڵە و نە بە پیری 70 ساڵەماندا دێتەوە، ئەوان مافی ئەوەیان نییە بمانکوژن، کۆمەڵێک تاڵانچییان بەرداوەتە گیانی ئەو خەڵکە و خوێنمان دەڕێژن بۆ ئەوەی دەنگمان بەرزنەکەینەوە و بەوەش ناوەستن، بەسەر شەقامدا بڕۆی لێتدەدەن و لەناوت دەبەن".
 
سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد داوای لە خەڵک کرد نەترسن و لە ویستەکانیان پاشگەز نەبنەوە و رایگەیاند: "ئەو حکومەتە کەوتووەتە دەست کەمینەیەکەوە و ئەوانیش بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان دەست بۆ هەموو شتێک دەبەن".
 
موحسین رەزەوی لەبارەی پلانی بەرەی یەکگرتوو لەدوای گیرانی سیاوەش حەیاتی گوتی: "ئێستا ئێمە وەک بەرە چووینەتە ناو قۆناخێکی دیکەوە کە ئەویش قۆناخی بەرگرییە، هیچ رێکخراوێکی سیاسیی ناتوانێ ئەو هەموو سەرکوت و کوشتن و گیرانەی گەنجانی کورد ببینێت و چاویان لەئاست دابخات".
 
موحسین رەزەوی باسی لەوە کرد، گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بەرپرسانی بەرە زیاتر بوون و گوتی: "ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەشوێن هەموومانەوەن، سەرجەم ئەو کەسانەی لە سەرکردایەتیی بەرەی یەکگرتوون و هەموو ئەوانەش لەو بەرەیەدا چالاکی دەکەن، نەک ئەوە بەڵکو بەشوێن هەموو ئەو کەسایەتی و چالاکانەوەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵوێستیان بووە".
 
بەیانیی ئەمڕۆ بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێنراوێکدا گیرانی سیاوەس حەیاتی بە "بەدیلگرتن" وەسفکرد و رایگەیاند: "رۆژی هەینی 1 رەزبەری 1401 هەتاوی، سیاوەش حەیاتی دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد بە شێوەیەکی نایاسایی و ناڕەوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەمه له کاتێکدایە کە چارەنووس و شوێنی راگرتنی نابراو ناڕوونە و بەرپرسانی ئەمنی خۆیان لەوە دەپەڕێنن لەسەر دۆخ و تۆمەتە لەپاڵ دراوەکانی ناوبراو بەرچاوڕوونی بدەنە خەڵک و ئێمە و بنەماڵەکەی".
 
بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای شەرمەزارکردنی "بەدیلگرتنی ناڕەوا"ی سیاوەش حەیاتی، بەڵێن دەدات تاوەکو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێرنەکانی نەتەوەی کورد لە تێکۆشان نەوەستێت.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی 2005، به هەوڵی نوێنەری کۆچکردووی شاری سنه، ئەندازیار بەهائەدین ئەدەب و چەند چالاکڤانێکی کورد دامەزرا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامی بەرەکەن.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامن، ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی شاری سەقز بوو، 13-9-2022 لەگەڵ برایەکیدا سەردانی تارانی کرد و دواتر بە پاساوی لادان لە رێوشوێنەکانی باڵاپۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی شەممە 17-9-2022 لە شاری سەقز لە رێوڕەسمێکی بەرفراواندا تەرمی ژینا ئەمینی ئەسپەردەی خاک کرا و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.