لە شارۆچکەیەکی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان 18 مامۆستا لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە

23-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر

بە پاساوی هەبوونی دۆسیەی تاوان، 18 مامۆستای گرێبەست لە شارۆچکەی شەمزینان سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. 
 
ئەو 18 مامۆستایە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە گرێبەست لە قوتابخانەکانی شارۆچکەی شەمزینان لە پارێزگای جۆلەمێرگ دەستبەکاربوون، بەڵام رۆژی 20-9-2022 بە پاساوی ئەوەی دۆسیەی تاوانیان هەبووە و لەڕووی ئەمنییەوە کێشەیان هەیە، گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندرایەوە و کۆتایی بەکارەکانیان هێندرا. 
 
یەکێک لەو مامۆستایانە بەناوی بەشیر ئۆڵماز، رۆژی هەینی 23-9-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئەوان بە گرێبەست لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شەمزینانەوە فەرمانی بەگرێبەست دامەزراندنیان دەرچوو و هەژماری مووچەشیان بۆ دابینکرا. 
 
بەشیر ئۆڵماز گوتی: "بەڵام رۆژی 20ی مانگ پێمان راگەیێندرا کە بەهۆی هەبوونی دۆسیەی تاوانەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارۆچکەی شەمزینان لەگەڵ دامەزراندنی ئەو 18 مامۆستایە نییە. هەربۆیە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شەمزینانەوە بە کورتەنامەی مۆبایل ئاگادارکراینەوە کە گرێبەستەکانمان بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە هەڵوەشاوەتەوە و لەکارەکانمان دوورخراوینەتەوە". 
 
ئەو هاونیشتمانییە راشیگەیاند، تەواوی مامۆستاکان لەدایکبووی شارۆچکەی شەمزینانن و گوتیشی: "رۆژی 15ی ئەیلوولی 2022، وەک مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانە دەستبەکاربووم، رۆژانە وانەی زمانی کوردیم بە قوتابییەکان دەگوتەوە. دوای پێنج رۆژ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەوە کورتەنامەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەمم پێگەیشت و تێیدا پێیان راگەیاندم کە لە کارەکەم دوورخراومەتەوە. هەر چەندە پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەشەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵامم بدەنەوە". 
 
رۆژی 12ی ئەیلوولی 2022، وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی 2022-2023 لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بڵاویکردەوە، 19 ملیۆن و 155 هەزار و 571 قوتابی لە قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی لە پرۆسەی خوێندن بەشدار دەبن. 
 
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ وەرزی خوێندنی ساڵی 2022-2023 دوای پەسندکردنی بودجەی ساڵی دارایی 2023 لە لایەن پەرلەمانەوە، 20 هەزار مامۆستا دادەمەزرێنێت. بۆ زمانی عەرەبی 175 مامۆستا، بۆ زمانی ئینگلیزی هەزار و چوار مامۆستا، بۆ زمانی ئەڵمانی یەک مامۆستا و بۆ زمانی کوردی سێ مامۆستا کە دووانیان بۆ شێوەزاری کرمانجی و مامۆستایەکیش بۆ شێوەزاری زازاکی دادەمەزرێنێت. 
 
لە وەرزی خوێندنی رابردووشدا سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرابوون. کۆی ژمارەی مامۆستاکانی زمانی کوردی بەهەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی 79 مامۆستایە. بە دامەزراندنی سێ مامۆستای نوێی زمانی کوردی لەمساڵەدا ژمارەیان دەگاتە 83 مامۆستا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.