قوتابیانی قوتابخانەیەکی سلێمانی ترسیان هەیە قوتابخانەکەیان بەسەریاندا بڕووخێت


رووداو - سلێمانی

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن، کێشەی کەمی و کۆنی قوتابخانە حکومییەکان سەرهەڵدەدەنەوە، سلێمانیش بۆ ئەمساڵی خوێندن پێویستی بە لانیکەم 200 قوتابخانەی نوێ هەیە و 70 قوتابخانەی دیکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.


بەشێک لە قوتابخانەکانیش مەرجی تەندروستی و سەلامەتییان تێدانییە، یەکێک لەوانە قوتابخانەی رەوەندە، کە قوتابیان خەمی ئەوەیانە چۆن ساڵ بەڕێبکەن و قوتابخانەکەیان نەڕووخێت بەسەریاندا.

دیلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەوەندە، دەڵێت "لە ساڵی 2010 ـەوە لەو قوتابخانەیەدان، زۆر وێرانەیە و ترسی رووخانی هەیە، قوتابی و مامۆستاکانمان زۆر دەردەسەری دەچێژن".

لەو قوتابخانە حەوت پۆلییەدا 458 قوتابی دەخوێنن، بەڵام بۆ جێکردنەوەیان نۆ کابینەش داندراون و هێشتاش هەر پۆلێک 36 قوتابی تێدایە، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەبێت تەنها 25 قوتابی لە پۆلێکدا بن. بەهۆی ئەو فشارو مەترسیانەشەوە بۆ ئەمساڵی خوێندن ناتوانن هیچ خوێندکارێک وەربگرن.

دیلان قوتابییە لە قوتابخانەی رەوەند، دەڵێت "کابینەکان کونی تێدایە، کاتی باران بارین ئاو دێتە خوارەوە بەسەرمانا، زۆر ساردە و لەبەرئەوەی کابینەیە ناتوانین زۆپا داگیرسێنین".

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی کەمی بینای قوتابخانە و خراپی ئەو بینایانەی ئێستا قوتابیان تێیدا دەخوێنن، راپۆرتێکیان بۆ وەزارەتی پەروەرەدە ناردووە و وەزارەتیش داتای هەموو شارەکانیان کۆکردووەتەوە و رەوانەی وەزارەتی داراییان کردووە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 469 هەزار و 765 قوتابی دەخوێنن و تەنها هەزار و 736 قوتابخانە هەیە، بەوەش پێویستی بە 200 قوتابخانەی نوێ هەیە. 64 قوتابخانە لە کابینەدا وانەی تێدا دەگوترێتەوە، 47 قوتابخانەش کارکردن تێیدا وەستاوە کە پێش قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردبوو.