روبەیعی بۆ رووداو: هەموو بژاردەکان بۆ گفتوگۆی گشتپرسی کراوە دەبن

23-09-2017
بەهمەن حەسەن
خەڵکی بەغدا بۆچوونیان لەسەر گشتپرسی جیاوازە
خەڵکی بەغدا بۆچوونیان لەسەر گشتپرسی جیاوازە
نیشانەکردن گشتپرسی موەفەق روبەیعی
A+ A-

رووداو - بەغدا

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی گشتپرسی دەچێتە بەغدا و، سەرکردەیەکی شیعە رایدەگەیەنێت پێشوازی لە شاندی کوردستان دەکەن بۆ گفتوگۆی گشتپرسی و، دەیانەوێ بگەنە چارەسەرێک بۆ دواخستنی پرۆسەکە. 

موەفەق روبەیعی، ماوەی 40 ساڵی تەمەنی لە سیاسەتدا بەڕێکردووە. لە دامەزرێنەرانی حیزبی دەعوەیە. لە باوکێکی شیعە و دایکێکی سوننە پێی ناوەتە نێو دونیای سیاسەت و بووەتە سەرکردەیەکی شیعە. بە یەکێک لە دۆستانی کورد دەناسرێت. پێیوایە تاوەکو کورد بە مافەکانی نەگات، عێراق رەنگی ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. بۆیەش پێیوایە دەبێ هەموو بژاردەکان بەڕووی کورددا کراوەبن.

موەفەق روبەیعی، سەرکردەی شیعە دەڵێ "ئێمە پێشوازی لە شاندی کوردستان دەکەین بۆ بەغدا، هیوادارین بگەینە چارەسەرێکی سەرکەوتوو لەپێناو دواخستن، یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گشتپرسیی کوردستان، هەموو بژاردەکان کراوەدەبن وەکو: پێشخستنی سیستەمی فیدراڵی، کۆنفیدراڵی، سەربەخۆی، بەڵام دەبێت بە ڕێککەوتن بێت بە دەنگدانی گشتپرسی هەموو گەلی عێراق بێت".

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کە لە نووسینەوەی دەستووردا رۆڵی کارای هەبووە، بەپێچەوانەی هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە، بژاردەی بەکارهێنانی هێز دژی باشووری کوردستان، بە نادەستووری دەزانێت.

موەفەق روبەیعی لەمبارەیەوە دەڵێ "بەکارهێنانی چەک بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە، چونکە دەستوور ‌قەدەخەی کردووە و دەڵێت رێگەپێدراو نییە دەوڵەت چەک بەرامبەر هیچکام لە پێکهاتەکانی عێراق بەکاربێنێت".

گشتپرسیی کوردستان شەقامی عێراقی بەسەر دوو بۆچووندا دابەشکردووە. کەمینەیەک ئەوە بە مافی کورد دەزانن و زۆرینەشیان لەدژی دەوەستنەوە و یەکپارچەیی عێراق بە هێڵی سوور ناودەبەن.

عەباس حوسێن، کاسبکارە لە بەغدا و دەڵێ "سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێک دروست ناکات، کارێکی زۆر باشە و دەبێتە هۆی گەورەبوونی جوگرافیای ناوچەکە، ئێمە پێمان وایە پرۆسەیەکی ئەرێنی دەبێت و رۆڵێکی گەورەی دەبێت".

عەلی روبەیعی، کاسبکارێکی دیکەی بەغدایە و پێچەوانەی عەباس بیردەکاتەوە و قسە دەکات، دەڵێ "ئەمڕۆ بابەتی ئەنجامدانی گشتپرسی پێی دەگوترێت دابەشکردن، بە واتای دابەشکردنی عێراق دێت. ئەوە خاکی عێراقە ئەگەر ببینین و لە هاووڵاتیانی عێراقی بپرسین، دابەشبوونی رەتدەکەنەوە، چونکە ئێمە وڵاتێکی یەکگرتوومان دەوێت و پێکەوەبوون کۆماندەکاتەوە، کورد بەشێکە لە گەلی عێراق".

لەوکاتەوە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی کوردستان دراوە زۆربەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق لەبەرامبەر کورد بوونەتە هاوپەیمانێکی ستراتیژی یەکدی، ئەم دوو لایەنە ناکۆکانەی سوننە و شیعەش، کە بە ساڵانیش بەیەکەوە دانەدەنیشتن، ماوەیەکە دەستیان بە کۆبوونەوەی دوو قوڵی کردووە.
 


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە