وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: لەشەڕی موسڵ پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی دەبێت
رووداو- هەولێر
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ستایشی پێشمەرگەی کرد لە ئازایەتییان بەرامبەر داعش و گوتی: "بێ گومان هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەی موسڵدا رۆڵی سەرەکی دەبێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییەکان و گوتی: "هاوکاری ئەڵمانیا بۆ پیشمەرگە زۆر کاریگەر بوو و هاوسەنگی لە مەیدانی شەڕ گۆڕی".
پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 23-9-2016 وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەکە بارزانی گوتی: "ئەمە جاری چوارەمە خانمی بەڕێز ڤۆندێر لەین سەردانی کوردستان دەکات، ئەمە مانایەکی گەورەی هەیە و مانای ئەوەیە کە ئەڵمانیا پشتیوانی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیە و رێزی هەیە بۆ خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوانیان و گرنگی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم سەردانە وەک سەردانەکانی پێشووتر دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئاڵ و گۆڕی بیروڕا بکەین و باسی ئەو خاڵانە بکەین کە گرنگن بۆ هەردوولامان و ئێستایش بابەتی هەرە گرنگ بابەتی رزگارکردنی موسڵە".
بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە گوێمان لە رای ئەوان گرت و خۆیشمان بە دوور و درێژی بۆچوونی خۆمان باسکرد بۆ ئەوان کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئۆپەراسیۆنەکە دەکرێت و باسی ئەو رێککەوتنەیشمان کرد کە کراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ پێشمەرگە و گوتی: "هاوکاری ئەڵمانیا بۆ پیشمەرگە زۆر کاریگەر بوو و هاوسەنگی لە مەیدانی شەڕ گۆڕی و من دڵنیام هاوکارییەکانی ئەڵمانیا و پشتیوانیەکانی لە شەڕی موسڵ هەمان کاریگەری خۆی دەبێت. من بەناوی پێشمەرگە و گەلی کوردستانەوە سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەم بۆ پشتیوانییەکانیان".
لە دوای قسەکانی بارزانی، ئۆرسولا ڤۆندێر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی: "زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، بەتایبەتی ئەمجارە کە چوارەمین دیدارمە لە کوردستانی عێراق و دیداری ئەمڕۆیشمان جەختکردنەوەیە لەو هاوبەشییە نزیکەی کە لەنێوانماندا هەیە و لە پەیوەندییەکانی دووساڵی رابردووماندا رەنگی داوەتەوە".
گوتیشی: "بنەمای ئەو لێکنزیکبوونەوەشمان شەڕی هاوبەشە لە دژی داعش ئەمەش وایکردووە کە هەماهەنگییەکانمان زۆر چڕتر ببنەوە".
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوانیان، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی: "ئێمە لە گفتوگۆی ئەمڕۆماندا باسمان لەو پێشوەچوونانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا هاتوونەتە دی، تەنیاش هەر هاوکارییە ئابوورییەکان نییە بەڵکوو لەڕووی سیاسیشەوە باسمان کرد، باسی وەرگرتنی ئاوارەکانیشمان کرد و هەروەها کاری هاوبەشیشمان کە چەکدارکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگەیە لە هەولێر".
ئۆرسولا ڤۆندێر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا باسی لە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ پێشمەرگە و گوتی: "لە ماوی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە راهێنانیان پێکراوە، ئەڵمانیا زیاتر لە 90 ملیۆن یۆرۆی وەک یارمەتی سەربازی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە. لێرەوە رێز و پێزانینم بۆ ئازایەتی و بۆ لێهاتوویی و شارەزایی پێشمەرگە لە راوەستاندن و تێکشکاندنی داعش دەردەبڕم".
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە ئاماژەدان بەوەی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و ماوەیەکی زۆر دەبێت بەرەنگاری ببینەوە، گوتی: "ئامانجی داهاتوو موسڵ و گرتنەوەی موسڵە هەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی گوتی، دەمێکە ئامادەکاریی هەم لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و هەمیش حکومەتی عێراقەوە دەکرێت. بێ گومان هێزی پێشمەرگە لەم ئۆپەراسیۆنەدا رۆڵی سەرەکی دەبێت".
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی: "پێشمەرگە کە چەندین مانگە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ داعش دەپارێزێت باس لەوە کراوە کە چۆن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراقی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ ئەنجام بدەن بە باشترین شێوە".