لە سەیدسادق ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی تەپەڕەش لە شارۆچکەی سەیدسادق ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی "درۆن"ـەوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس کوژراون. 
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، دوو ئۆتۆمبێل بۆردوومانکراون، مووشەک بەر یەكێکیان کەوتووە. سێ کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوونە کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق. 
 
دوای بە ئامانجکردنی، ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرتووە و ئەو دوو کەسەی لەنێویدا رزگاریان نەبوو، تەرمەکانیان سووتاون. 
 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک "رۆژنامەڤانی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی" لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کە ژن و پیاویان تێدایە.
 
کەناڵی ئاسمانیی ستێرک کە نزیکە لە پەکەکە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای تورکیادا شەهید و بریندار هەیە".
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە بە رووداوی گوت، بۆردوومانەکە لە گوندی تەپەڕەش بووە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. 
 
رووداو زانیویەتی، یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە و یەکێک لە بریندارەکانیش خەڵکی پارێزگای سلێمانین و یەکێکی دیکەیان کە گیانی لەدەستداوە خەڵکی ئێلهی باکووری کوردستانە. ئەو کەسەی خەڵکی ئێلهـ ـە، بەرپرسی نووسینگەی ستێرک تیڤی بووە لە سلێمانی.