هەفتەى داهاتوو ناوى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکرێت

23-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەى داهاتوو وردبینی لە ناوى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان کۆتایی دێت و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ناوەکانیان پەسند دەکات. 
 
رۆژی هەینی، 23-08-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "هەفتەى داهاتوو وردبینى دۆسیەى بەربژێران لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کۆتایی دێت و ئەنجوومەنى کۆمیسیاران راستاندن بۆ ناوەکانیان دەکات."
 
سەبارەی بە ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە وردبینی دەرنەچوون، عیماد جەمیل گوتی: "تاوەکو ئێستا حەوت بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دواى وردبینى دۆسییەکانیان دوورخراونەتەوە".
 
رۆژی 06-08-2024 بە ئەلیکترۆنی و کاخەز، لیستی ناوی بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی وردبینی بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە بەغدا و هەولێر و دەستەکانی دەستپاکی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان نێردراوە.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: قۆناخى دواى پەسندکردنى ناوى بەربژێران، چاپکردنى کاخەزى دەنگدان دەستپێدەکات. 
          
بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
 
- هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
 
- تەواو شیاو بێت و تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
 
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری رەوشتی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزا نەدرابێت.
 
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزا نەدرابێت.
 
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
 
بەپێی رێکارەکان پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت. 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە