رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە چیای سەفین کەوتووەتەوە و بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت: تیمەکانمان لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیدان.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی ئابی 2024، مقەدەم شاخەوان جاف، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی کاژێرێکە ئاگر لە دامێنی چیای سەفین کەوتووەتەوە و ئێستا ئاگرەکە بەرەو سەرەوەی چیاکە تەشەنەی سەندووە".
گوتیشی، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان و دەمانەوێت رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بگرین".
ئاگر لە بەشێکی چیای سەفین کەوتووەتەوە و هاونیشتمانییەک ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت: تاوەکو دێت، زیاتر تەشەنە دەسەنێت pic.twitter.com/QYH2rhmqXI
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 23, 2024
زنجیرە چیای سەفین دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر و سەر بە قەزای شەقڵاوەیە. 1828 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و زنجیرەییەکەی نزیکەی 40 کیلۆمەتر دەبێت.
عەقید عەبدولقادر دڵشاد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شەقڵاوە بە رووداوی گوت، "ئاگرەکە لە دیوی ناحیەی هیرانە و ئێستا شەش تیمی بەرگریی شارستانی و تیمێکی شاخەوانی شەقڵاوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنیدان".
ئاماژەی بەوەشدا، "تائێستا زیانەکانی ئاگرەکە نەزانراوە و دەستڕاگەیشتن بە شوێنی ئاگرەکەش قورسە و کاتێکی زیاتری پێویست دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ