حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد؛ بەیەکەوە رووبەڕووی تاوانە رێکخراوەکان دەبنەوە

23-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رێبەر ئەحمەد و تۆم توگێنتهات لەکاتی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە
رێبەر ئەحمەد و تۆم توگێنتهات لەکاتی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە
نیشانەکردن وەزارەتی ناوخۆ بەریتانیا تۆم توگێنتهات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ "لێکتێگەیشتنی هاوبەش"ـیان لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری و راهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان واژۆکرد.
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-8-2023) رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا "لێکتێگەیشتنی هاوبەش"ـیان لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری و راهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لەنێوان هەردوو حکومەتدا واژۆکرد.
 
تۆم توگێنتهات، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، دوای ئەوەی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەرێگەی رووداویشەوە باسی ئامانجی سەردانەکەی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کرد.
 
وەزیرە بەریتانییەکە لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی رێگریکردنە لەو تۆڕە قاچاخچییانەی خەڵک لێرەوە دەبەنە بەریتانیا و گوتی: "یەکمانگرتووە و رێککەوتووین کە بەیەکەوە کار بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپە تاوانکارانە بکەین
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاداشتەکەوە دەڵێ "بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو رووبەرووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لە سەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن."
 
ژمارەیەکی زۆر گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە رێگەی کۆچی نایاساییەوە چوونەتە بەریتانیا، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی رووداودا "ئێستا چی چاوەڕێی ئەم گەنجانە دەکات؟ ئایا داواتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە تاوەکو هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە لە بەریتانیا؟"، تۆم توگێنتهات گوتی "بەریتانیا رێکارەکانی لە چەند هەفتە و مانگی رابردوودا تووندوتۆڵ کردووەتەوە، بۆیە چیدیکە رێی تێناچێت لە بەریتانیا بە نایاسایی کاربکەیت و وەک پێشووتر مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت." 
 
هەروەها رایگەیاند "هەر کۆمپانیایەک یان کەسێک کە کرێکارێکی نایاسایی دادەمەزرێنێت، دەکەوێتە ژێر مەترسیی پێبژاردنێکی گەورە و لەوانەشە زیندانی بکرێن. ئەمەش واتای وایە ئەوانەی بە نایاسایی کاردەکەن، لە مەترسییەکی گەورەدا کاردەکەن و تەنیا بۆ تاوانباران کاردەکەن؛ ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە. ئەوانەش، کە دەبرێنە بەریتانیا یان بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و پێیانگوتراوە هەلەکان بە هەمانشێوەی پێشوون، درۆیان لەگەڵدا کراوە. ئەوانە قاچاخچیێتیان پێوەدەکرێت و لە دۆخێکدا دەفرۆشرێن، کە زۆر بە ئاسانی دەکرێت ببنە کۆیلە و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەنێوان حکومەتەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بەپێی وەزارەتی ناوخۆ "نەخشەڕێگەیەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی هەردوولا. هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشتبەستن و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و ستانداردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەئاستێکی فراوانتردا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.