ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوو داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پشکی کارەبای پارێزگای هەولێر و گرانیی بەهای کارەبا بە سیستمی پریپەید، رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری بۆ گوێگرتن و خستنەڕووی دوو راپۆرتی تایبەت بەو بابەتانە کۆکردەوە. ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا دوو راسپاردە بۆ وەزارەتی کارەبا بەرزبکاتەوە.

ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکەن پشکی کارەبای پارێزگاکە زیادبکەن و پێداچوونەوە بە بڕی پارەی کارەبای پریپەید بکرێت و، نرخەکەی بۆ نزیکەی نیوە دابەزێندرێت.  
 
بەپێی ئەو تێست دیماندەی (Test On Demand) وەزارەتی کارەبا لە ساڵی 2017 بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و هێشتا لەسەری بەردەوامە، سلێمانی 28.5٪ـی کارەبای پێویستە، دهۆک 24.3٪، هەولێریش 42.6٪، ئیدارەی گەرمیانیش 4.6٪، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت بەشێکی کارەبای هەولێر بۆ دامەزراوەکانی حکومەت دەڕوات، کە دامەزراوەی هەموو پارێزگاکانن.
 
سیستمی پریپەیدی کارەبا، سیستمێکە یەکەی کارەبای تێدایە، بە شێوەیەک کار دەکات کە هاوبەشانی کارەبا لە رێگەی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسەوە، کارەبا دەکڕن، سیستمەکە جگە لە شوێنە بازرگانییەکان، لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە 156 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک زیادکراوە، ئەوەش نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو کۆمەڵگانەی لێکەوتووەتەوە.
 
غازی عەلی، سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و دەستپاکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ "بەڕێژەی 1000٪ زیادکراوە، سەتا هەزار لە هیچ شوێنێک نەبووە، کە نرخ بەو شێوەیە زیاد بکرێت، هەموومان دەزانین، سەتا سەتیش رەنگە خەڵک سەرنجی لەسەر هەبێت، بەڵام ئەوە 100٪ـیش نییە، 1000٪ـە، واتا نۆهێندە و دەهێندە نرخەکەی بەرزکردووەتەوە، لە 18 دینار یەکسەر چووەتە سەر 158 دینار."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پەسنی سیستمی پریپەید دەکات و دەڵێت "بەهۆی سیستمەکەوە 320 مووەلیدەی تایبەت کوژاونەتەوە، 55 هەزار بەشداربوو لە سیستمی پریپەید سوودمەندبوون، 40 هەزاریان لە سیتییەکان و 10ـیان بازرگانیین. لەو 55 هەزار بەشداربووە، بە تێکڕا بەکارهێنانی کارەبایان لە 34 مێگاواتەوە بووەتە 27 مێگاوات.